لوتکەی عەقەبە و مەرامی تورکیا، لەهەموان جیاوازتر!
PM:04:25:09/03/2025
460 جار خوێندراوەتەوە
بەهرۆز حاجی
+
-
کۆبونەوەیەکی چوارقۆڵی،بەئامادەبونی وەزیرانی دەرەوە و،بەرگری و سەرۆکی
دەزگای هەواڵگری وچەندین ئەفسەری پلە باڵا، لەعەممانی پایتەختی ئوردن لەڕۆژی
یەکشەممە، ٩/٣ کە لەنێوان تورکیا و سوریاو عێراق و وڵاتی میوان(ئەردەن) هەروەها
بەبەشداری نوێنەرایەتی وڵاتی لوبنانیش، دەشێت خوێندنەوەی جیاوازی بۆبکرێت، ئەڵبەت
سازکردنی ئەو کۆبونەوەیە، بەپلەی یەک بەخواستی تورکیایە،کە بەناوی
بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتانی بەشداربوو و بەتایبەت ترس
لەسەرهەڵدانی پاشماوەکانی داعش،لەسنورە هاوبەشەکانی نێوانیان.
پەیوەندی نێوان تورکیا و ئوردنی
میواندار کەمێژوویەکی دووری هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ تورکیای سەردەمی کەمال ئەتاتورک و
شا عەبدوڵای یەکەم لەساڵی ١٩٣٠ز.
لەئێستاشدا، کەهەردو
وڵات خاوەن ئەو مێژووە لەپەیوەندین، هەریەکەیان له ڕوانگەو پێگەی جیۆپۆلەتیک و
جیۆسیاسیەوە لەیەکتر دەڕوانن و دەکرێت لەداهاتودا، وەک دەروازەی بازاڕی گەورەی
وڵاتانی ئەوروپا و کەنداو لەڕێی سوریاوە سەیربکرێن و تورکیاش مەبەستێتی ئەم
پێگەیان زیندو پێشان بدات و جۆرێک لە گرنگیدان بۆ هەڵبژاردنی دەوڵەتەکە ئامانجدارە،
هەربۆیە بۆ تورکیا گرنگە کە دەیەوێت ئەجێنداو ئامانجەکانی دەست پێبکات،کە بەپلەی
یەک دژایەتیی ڕێڤەبەری خۆسەرییە لە ڕۆژهەڵات و باکوری سوریا و حکومەتێکی بەهێزی
ناوەندییە لەدیمەشق دا بەسەرپەرشتی احمد الشرع و دەسەڵاتدار بەسەر تەواوی سوریادا.
تورکیا، کە
خۆی ڕێکخەری ئەم لوتکە هەرێمییەیە، ئامانجێتی لەژێر ناوی پاراستنی سنور و ئاسایشی
وڵاتانی بەشدار و بەرەنگاربوونەوەی داعش، پرسی ئەو هەزاران داعشەی کە هێزەکانی
هەسەدە، لەکەمپی هۆڵ سەرپەرشتیان دەکات، لە هەسەدە وەرگیرێتەوە و کۆدەنگییەکی
هەرێمی بۆ دروست بکات، چونکە پێی وایە ئەوە لینکی پەیوەندی و هاوکاری بەهێزی نێوان
هەسەدە و ئەمریکایە.
هەر لەم
لوتکەیەشەوە، تورکیا دەیەوێت دەرگای هاوپەیمانییەتیەک کە لەنێوان خۆی و ئوردن و
هاوپەیمانەکانی تری، بەرامبەر بەرەی ئیسرائیل لەلایەک و ئێران و هاوپەیمانەکانی
لەلایەکی ترەوە دروست بکات، کە ئەمەش لەلای بەشێک لەئەندامانی سەرەوەی پارتەکەی
ڕەجەب تەییب ئەردۆگان لەچەند شوێنێک بەئاشکرا ئاماژەی پێکراوە.
ئەوەی ڕونە، عێراق
زەحمەتە بچێتە نێو هاوپەیمانییەتیەک کە مەبەست لێی هەوڵە بۆجێبەجێکردنی
ئەجێنداکانی تورکیایە لەسوریادا، بەتابیەت کە هەژموونی ئێرانی بەسەرەوەیە، وەلێ
بەوریاییەوە مامەڵەش لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا دەکات و تەنها ئەوەی بۆی گرنگە
پاراستنی ئاسایشی سنورەکانێتی و تەنها لەوبواردە هەمەهەنگی لەگەڵ ئەو سێ لایەنەی
تردا دەکات، بەتایبەت ترس لەپاشماوەکانی داعش لەوناوچانەدا.
ئوردنیش کە
میوانداری ئەو لوتکەیەیە،کە وڵاتێکە توانیوێتی لەو هەموو گێژاو و گۆڕانگاریانەی
لەناوچەکەدا لە ماوەی چەند ساڵەی ڕابردوودا سەلامەت لێی دەرچووە، هەروا بۆ ئەویش
ئاسان نییە دژایەتیی بەرەیەک بکات کە ئێران و هاوپەیمانەکانی،لەلایەک و ئیسرائیل و
هاوپەیمانەکانی کەخۆشی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، هەڵبژێرێت، چونکە ئەوەی
ڕوونە، ئیسرائیل و تورکیا لە ناوچەکەدا بەتایبەت لەسوریادا ئامانج و، بەرژەوەندی
جیاوازیان هەیە و پەیوەندییەکانی تورکیا و ئوردنیش هێشتا لە نەبۆتە پەیوەندییەکی
ستراتیژی نێوان دو وڵات، بەڵکو ئەوەی بۆ ئوردون گرنگە سود بیینیە لەسوریا وەک
دەرگایەک بۆ وەبەرهێنان و سودمەندی ئابوری و ڕێگری کردن، لە ماددەی هۆشبەر و
پریشکی فەوزاکانی نێو سوریایە بۆ وڵاتەکەی، کەواتە ئەوەی تورکیا دەوێت و بۆی
ڕۆیشتووە، مەحاڵە بەدەستی بێنێت،کە لەنێو گێژاوێک لەبەریەککەوتنی بەرژەوەندی
جیاوازدا لەنێوان هەر وڵاتێکی ناوچەکەو هەرێمەکەدا هەڵپەی بۆدەکرێت.