سەردێڕ:

سێ مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردن؛ پارتی و یەکێتیش لە خەڵک بێ منەتن

PM:09:49:31/07/2024

1132 جار خوێندراوەتەوە

مانگە شەو سەر لە ئێوارە دیارە، پێش هەڵبژاردنە و پارتى و یەکێتى لە خەڵک بێ منەتن، ئەگەر لە هەڵبژاردنیش دەربچنەوە، ئەوا خراپتر و خراپتر دەکەن.


لە کاتێکدا کەمتر لە سێ مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کەچى پارتی و یەکێتی کە ٣٣ ساڵە حوکمڕانى هەرێمن و بارودۆخى خەڵک و کوردستانیان بەم رۆژە گەیاندووە، وەک بڵێى نە بایان دیوە و نە بۆران، بێ منەتن و بەردەوامن لە سەپاندنى باج و تێکدانى ئاسایش و ئارامى کوشتنى کوڕى خەڵکى فەقیر و هەژار.

پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر ئەمە هەڵوێست و رەفتارى پارتى و یەکێتى بێت لە پێش هەڵبژاردن، دەبێت لەدواى هەڵبژاردن چى بکەن، ئەگەر بێت و دەربچن و جارێکى دیکە دەسەڵات وەربگرنەوە بارودۆخەکە زۆر لە ئێستا خراپتر دەبێت و ئەوکات هەرچى بیانەوێت، بەبێ گەڕانەوە بۆ خەڵک و پەرلەمان بە ئارەزووى خۆیان ئەنجامى دەدەن.

پارتی و یەکێتی باجیان بە رێژەى ٪٦٢١ لەسەر هاوڵاتییان زیادکردووە، ئەوەى کە بارەى راگرتنى دوو سێ جۆر باجەوە بڵاویانکردەوە، راست دەرنەچوو چونکە وەرگرتنى باج بە ٤٥٠ ڕێگا و شێوازى جیاواز بەردەوامە، بەنیازیشن لەدوای هەڵبژاردن وەرگرتنی باج دوو هێندەی تر زیاد بکەن.

لەلایەکی دیکەوە پارتی و یەکێتی، چەکدارەکانیان بەرداوەتە گیانى خەڵک و شەڕى بە کوڕى فەقیر و هەژار دەفرۆشن، بەجۆرێک کە بە تەنها لە ماوەى دوو هەفتەدا چەندین کەسیان رفاندووە، یان کاسبکار و کرێکاریان لەسەر چا خواردنەوەیەک و نەچوونى بۆ کارکردن لە باغ و ڤێلاکانیان کوشتووە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، پارتی و یەکێتی بەنیازن تاکو مانگى ١٠ نەرمى بۆ بەغدا بنوێنن و لیستی مووچە رەوانە بکەن، ئەگەر نا لەدواى هەڵبژاردن و لە ئەگەرى دەرچوونەوەیاندا جارێکى دیکە کێشە بۆ ناردنى لیستى مووچە و قوتى خەڵک دروست دەکەنەوە.

وەکو چاودێران دەڵێن، ئەم هەڵبژاردنە بۆ خەڵکى کوردستان یەکلاکەرەوە دەبێت، دەرفەتێکە و هاتووەتە پێش، بچنە بۆ دەنگدان و پارتى و یەکێتى لە دەسەڵات دووربخەنەوە، ئەگەرنا لەدواى هەڵبژاردن بارودۆخەکە زۆر خراپتر دەبێت و پارتى و یەکێتى دەچنەوە سەر هەمان تاس و حەمام.













گەلەری