بەهۆی رووخانی پردێکەوە لە چین ١١ کەس گیانیان لەدەستدا و ٣٠ی دیکە بێسەروشوێن بوون. لە شاری نانیانگیش، تەنها لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا رێژەی بارانبارین هێندەی ساڵێک بووە.
ئاژانسی خینهوای چین رایگەیاندووە، پردەکە لە باکووری رۆژئاوای چین لە ناوچەی ژاشوێی سەر بە شاری شانگۆ بووە و بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوەوە رووخاوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە،
بەهۆی رووخانی پردەکەوە ١١ کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها نزیکەی ٢٠ ئۆتۆمبێل و
٣٠ کەسیش بێسەروشوێنن.
باسی لەوەشکردووە،
تیمەکان کارەکانیان بۆ دۆزینەوە و رزگارکردنی ئەو هاوڵاتییانە دەستپێکردووە کە
بێسەروشوێنن.
ئەوەش هاتووە، تاوەکو
ئێستا پێنج ئۆتۆمبێل لە شوێنی دوور لە رووداوەکە دۆزراونەتەوە و ئەو ١١ حاڵەتی
گیانلەدەستدانەی پشتڕاستکراونەتەوە، لەناو ئەو ئۆتۆمبێلانەدا بوون.
لەم هەفتەیەدا، بارانێکی
چڕ و بەخوڕ باکور و ناوەڕاستی چینی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی روودانی چەندین حاڵەتی
لافاو.
هەر لەم هەفتەیەدا بەهۆی
لافاوەوە لە شاری شانخی، پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و هەشتی دیکە بێسەروشوێنن.
هەروەها، بەتەنها لە
شاری نانیانگ، رێژەی بارانبارینی سەرەتای ئەم هەفتەیە هاوتای ساڵێک بارانبارین
بووە.
جێپەنجەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بەسەر جیهاندا دیارە و لە جێیەک گەرما بە سەدان کەس دەکوژێت و لە جێیەکی دیکە باران و لافاو لە وەرزی هاویندا هەزاران گەڕەک لەگەڵ خۆی رادەماڵێت. رێکخراوە جیهانیی و حکومەتەکانیش درکیان بە مەترسییەکانی ئەم گۆڕانکارییانە کردووە و باس لە گرتنەبەری هەنگاوی جددی دەکەن بۆ رێگەنەدان بە زیاتر تەشەنەکردنی دۆخەکە.