سەردێڕ:

حکومەتی هەربێنە!

AM:12:04:08/01/2025
2904 جار خوێندراوەتەوە
چاوەڕێ بیلال عەوڵا
+ -

دوای چاوەڕوانییەکەی دوور و درێژ، شکور لە کۆتاییدا موچەخۆرانی هەرێم لە مانگی ١دا موچەی مانگی ١١یان وەرگرت! ئەویش دوای بێنە و بەردەیەکی زۆر! ئێستا ئەوەی ماوەتەوە موچەی مانگی ١٢ـەیە، بەغدا دەڵێت کاکە من پارەی موچەی یەک ساڵم بە زیادەوە بۆ ناردوون، حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی مەسرور بارزانیش کە من ناوم ناوە حکومەتی کاتبەڕێکەر، هەر دەڵێت، عەموو گیان بێنە! پارەی تر بێنە! ئێستاش وەک ئەوەی نە بایان دیبێت نە باران، راپۆرتێکیان بڵاو کردووەتەوە و دەڵێن بەغدا چەند تریلیۆنێک پارەی هەرێمی لایە و نەیناردووە! ئاخر بەڕاست ئینسان چۆن دەتوانێت روویەکی هێندە قایمی هەبێت ئەو قسانە بکات؟ هەر بەڕاست، خۆتان تا ئێستا پابەند بوون بە یەک خاڵی رێککەوتنەکەتان لەگەڵ بەغدا؟ ئەرێ هەر بەڕاست، رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتتان رادەستی سۆمۆ کردووە؟ ئەرێ هەر بەڕاست، نیوەی داهاتی ناوخۆ کە بە قسەی خۆتان مانگانە ٤٥٢دانە ملیار دینارە، داوتانە بە بەغدا؟ ئێستا بە چی روویەک و بە چی حەقێک، هاتوون ئەم میللەتە داماوە چەواشە دەکەن و دەڵێن، بەغدا پارەی ئێوەی لا ماوە و ناینێرێت، هەر بەڕاست خۆتان دەزانن چەند پارەتان بۆ هاتووە و چەندتان خەرج کردووە بۆ موچە؟ ئەگەر نازانن با بیرتان بخەمەوە!! وەزارەتى دارایی عێراق لە حساباتی کۆتایی ساڵى ٢٠٢٤ـی خۆیدا (ئەم شتە لای حکومەتی کاربەڕێکەر بوونی نییە، چونکە بەس خۆیان و خوا دەزانن چەندیان پەیدا کردووە و چۆنیان دزیوە!)، نوسیویەتى، لەو ساڵەدا ١٠ترلیۆن و 901 ملیار دیناریان بۆ موچەى ١٢ مانگەکەی ساڵی رابردوو ناردووە، حکومەتە کاربەڕێکەرەکەش بە شانازییەوە دەڵێت، ٩٦٠ ملیار دینارى خستووەتە سەر ئەو پارەیە و بۆ موچە بەکاری هێناوە. ئەگەر ئەم ژمارانە کۆ بکەینەوە، ساڵى ٢٠٢٤بۆ هەر ١٢مانگەکە حکومەتى کاربەڕێکەر ١١ ترلیۆن و ٨٦١ دانە ملیار دینارى لەبەردەستدا بووە کە بۆ هەر مانگێک زیاتر بووە لە 988 ملیار دینار! واتە سەرو زیایە بۆ موچەی هەر ١٢ مانگەکە! کورد وتەنی ئەو ١٩٢ ملیارەی هاوپەیمانان بۆ موچەی لیوا هاوبەشەکان و پارەی ئەو نەوتە قاچاخەی کە رۆژانە ٣٠٠هەزار بەرمیلی لە ئێران و تورکیاوە دەدزن، هەر با تەرح بێت بۆ ئێوە! کاکە تۆزێک ویژدان و کەرامەتتان هەبێت، ئەو هەموو پارەیەتان لەبەردەستدا بووە، جەنابی سەرۆک وەزیران! تۆزێک ویژدانت ناجوڵێت ئاوڕێک لەو هەموو رەش و رووتە بدەیتەوە؟ تا کەی نیازتان هەیە لوتتان لە ئاسماندا بێت و خەڵکیش پارەی چوار نان و کیلۆیەک تەماتەی پێ نەبێت ئێوارە لەگەڵ دەستی خۆیدا بیباتەوە بۆ مناڵەکانی؟ بەس نییە چەوساندنەوەی خەڵک؟ بەس نییە چەوساندنەوەی موچەخۆر؟ ناترسن پەتی تەحەمولی خەڵک بپسێت و بە دوو سەعات راتانبماڵێت؟ ئێوە لە سەددام، ئەسەد، قەزافی، موبارەک و دیکتاتۆرەکانی دیکە گەورەتر و بەهێزترن؟ نا!! تا کار لە کار نەترازاوە، وەرنەوە ناو میللەت و ئەو پارەیەی ٣٣دانە ساڵە لەگەڵ شەریکەکەتان دەیدزن، هیچ نەبێت کەمێکی بۆ خەڵک خەرج بکەنەوە، با سبەی لە رووتان بێت بێنەوە ناو خەڵک، هەرچەندە رووشتان نەماوە!!

گەلەری