سەردێڕ:

دوو رووی دراوێک!

PM:11:46:14/01/2025
1644 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار ياسين فەتاح
+ -

لە هەموو دونیادا ئێستا ساڵی ٢٠٢٥ـە، تەنها یەک شوێن نەبێت لە ٢٠٢٤ بەجێ ماوە، ئەویش هەرێمەکەی ئێمەیە، موچەخۆری داماوی ئەم هەرێمە دەستی لەسەر دڵیەتی و نازانێت چارەنووسی موچەی مانگی ١٢ـی ساڵی رابردووی چی بەسەردێت، وەری دەگرێت؟ یان وەک سێ مووچەکەی ٢٠٢٣ و دەیان موچەی ساڵەکانی پێشووتر، فاتیحای بۆ بخوێنێت! ئەوەش لە سایەی سەری جووتە شەریکەکەی دەسەڵات، پارتی و یەکێتی، یان روونتر بیڵێم، جەنابی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی !

کاتێک حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی پارتی و یەکێتی لەگەڵ بەغدا گەیشتنە رێککەوتن لەسەر ناردنی پارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم مانگانە و لەکاتی خۆیدا، بەو مەرجەی حکومەتە کاربەڕێکەرەکە نیوەی داهاتی ناوخۆ و نەوت رادەست بکات، هەر ئەوکات وتم پارتی و یەکێتی ناهێڵن رێککەوتنەکە سەربگرێ و دیسان کێشە دروست دەکەن، ئاخر ئەمە هەر لە خوێنیاندایە میللەت ئازار بدەن، خوێنیان بمژن، بیان چەوسێننەوە و سەرکوتیان بکەن. ئەگینا بەغدا ئەوەتا کۆڵێ پارەی بۆ ناردوون و چاوپۆشیشی لەوە کردووە کە نە نەوتتان رادەست کردووە، نە نیوەی داهاتی ناوخۆشتان داوەتەوە بە بەغدا، ئەی بۆ موچە دابەش ناکەن؟ یان هەر تازە دەمتان چێشتە بووە بە دزین و خواردنی پارەی میللەت؟

با شتێکتان بیر بخەمەوە، وەزارەتی دارایی عێراق و خودی تەیف خان دەڵێن، لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١١ تریلیۆن و ٥٦١ ملیار دیناریان بۆ هەرێم ناردووە کە موچەی ١٢ مانگی تەواوە، داهاتی نانەوتی هەرێم گەیشتووەتە چوار ترلیۆن و ٣٥٠ ملیار دینار و کەمتر لە ٤٠٠ ملیاریان داوە بەوان، واتە نزیکەی چوار ترلیۆن دینار لە قاسەکەی هەرێم ماوەتەوە هی داهاتی نانەوتی، ئەوە هەر باسی پارەی نەوتە قاچاخەکەش ناکەم کە پارتی و یەکێتی هەریەکەو لای خۆیەوە رۆژانە بە هەزاران تانکەر ئاودیوی ئێران و تورکیا دەکەن پارەکەشی خشت وەک چاوی کەڵەشێری دەخەنە گیرفانی خۆیانەوە! ئێ، حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی مەسرور بارزانیش کە یەکێتی شەریکەدزیەتی دەڵێت، ٩٦٠ ملیارمان لە داهاتی ناوخۆ خستووەتە سەر پارەی موچە، ئەی باشە کاکە، ئێوە مانگانە چەنتان دەوێت بۆ موچە؟ خۆ ئەگەر ئەو ژمارانە کۆبکەینەوە بەشی ١٣ مانگ دەکات، ئەی کاکە بۆ موچەی مانگی ١٢ دابەش ناکەن؟ یان بەتەمان ئەویش لوش بەن؟ کەی تێر دەخۆن؟

جا ئەوە شتێکی خۆشم بیر کەوتەوە، لەم رۆژانەدا کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت کرا لە بەغدا کە پارتی و یەکێتیش تیایدا بەشدار بوون، دوای کۆبوونەوەکە وتیان، کاکە گیان مەسەلەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم تەکنیکییە و سیاسیی نییە! یەعنی خەتاکە لە بەغدا نییە کە موچە دواکەوتووە! ئەمە پارتی و یەکێتی لە بەغدا وایان وت. هەر نەیانهێشت ئەم قسانە چلەی بچێت، حکومەتە کاربەڕێکەرەکە لە هەرێمەوە دیسان کەوتەوە بۆڵە بۆڵ وەک پیرێژی دۆ لێ رژاو وتی، بەغدا بە چاوێکی دیکەوە سەیری موچەخۆرانی هەرێم دەکات و وەک موچەخۆری عێراق هەژماریان ناکات و موچەی بە سیاسیی کردووە. باشە پارتی و یەکێتی، ئەنگۆ خۆتان قەشمەرن یان خەڵک بە قەشمەر دەزانن؟ بۆ ئەمە زەمانی بەردە خەڵک ئاگای لە فیک و فاکەکانتان نەبێت؟ قابیلە خەڵک نەزانێت چی مەعدەنێکن؟ نەزانێت چی دزێکن؟ باشە هەر بەڕاست شەرم و حەیاتان نەماوە؟ خەڵک نابینن لە چی دۆخێکدایە یان خۆتان کوێر دەکەن؟ بەس نا! دڵنیا بن ئیشەڵا بەم دزی و فزیەتان سەری خۆتان دەخۆن، چونکە ئیتر میللەت هۆشیارە، چی تر ئەوەتان لێ قبوڵ ناکات! ساحەکە هێزی دیکەی تیایە کە وەک چۆن لە بەغداوە پەرلەمانە ماوەبەسەرچووەکەتانی هەڵوەشاندەوە و حکومەتەکەتانی کرد بە کاربەڕێکەر، هەو ئاواش دار دەدات بە رۆحتانا!

گەلەری