سەردێڕ:

ئەو دوژمنی من نیە!

PM:09:46:09/01/2025
1400 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

ووتەیەکی باو هەیە دەڵێ: (لەسیاسەتدا دوژمنی هەمیشەیی و دۆستی هەمیشەیی نیە، بەڵکو بەرژەوەندی هەمیشەیی هەیە). کەواتە لێرەدا دەبێ بزانین دۆست لە کوێدایەو دوژمن لەکوێدا. لەم سەردەمەدا هیچ نەتەوەیەک هێندەی کورد گیرۆدەی مەکری دۆست و زەبری دوژمن نەبووە، کەچی ئێمە تێگەیشتنمان بۆ دوژمن و بۆ دۆست تێگەیشتنێکی سادەیە، بۆیە دەبێت ئێمە قوڵتر دۆست و دوژمن بناسین، دەبێ بەتێگەیشتنەوە بزانین هیچ یەکێک لەم دەوڵەتە داگیرکەرانەی کوردستان دوژمنی من نیە دوژمنی تۆ نیە وەک تاک بەڵکو دوژمنی کۆیە. واتە دوژمنی کۆیی کورد بوونە، دوژمنی ئەو بەکرێگیراوانەی خۆشیانن کە کوردن، چونکە دواجار لەگشتدا لەناو تابلۆ گەورەکەدان کە کوردبوونە.

کاتێک ئەوان مووچەو بودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕن ئەوە بەتەنها ڕقیان لە هەولێر نیە یاخود دوژمنی پارتی نین بە تەنها بەڵکو لێدانە لە کوردبوون لێدانە لە هەلومەرجی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی، بڕینی گیرفانی تاک بەتاکی هاوڵاتیانی کوردستانە کەواتە دوژمنی کورد بوونن. کاتێک فڕۆکەخانەی سلێمانی دادەخرێ تەنها لێدان نیە لە سلێمانی و هەڵەبجە، لێدان نیە لە یەکێتی بەڵکو لێدانە لەکۆی کورد بوون بۆ هەرەسی ئابووری ئەم هەرێمە.

کەواتە دەبێت وشیاری سیاسیمان بگاتە ئەو ئاستە کە داگیرکەران تەنها دوژمنی من و تۆ نین وەک تاک تەنها دوژمنی حیزبەکەی من و تۆ نین بەڵکو دوژمنی چەمکە باڵاکەن ئەویش کوردبوونە. کەواتە با هیچ نەبێ لەم قۆناغەدا لەمەکری دۆست و زەبری دوژمن تێبگەین کورد بوون لە سەرووی هەموو ئامانجە حیزبی و ئایدۆلۆجی و کەسییەکانمانەوە بێت، چونکەلە کاتێکدا کورد بوون کەوتە مەترسییەوە هەموو شتەکانی دیکەش لەمەترسیدادەبن.

گەلەری