سەردێڕ:

گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی فەڕەنسا بەردەوامە؛ ئۆپۆزسیۆن دووبارە سەردەکەوێت؟

PM:02:25:07/07/2024

1204 جار خوێندراوەتەوە

دووەم گەڕی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی فەڕەنسا کە نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان تیایدا هەیە دەستی پێکردووە، پێشبینیش دەکرێت پارتە راستڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆن زۆرینەی کورسییەکان بەدەست بهێنن.


دوای ئەوەی لە هەفتەی رابردوو خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی فەڕەنسا بەڕێوە چوو و دوو پارتی ئۆپۆزسیۆن ٦١٪ دەنگەکانیان بەدەست هێنا، پارتەکەی ئیمانیۆل ماکرۆن کە پارتی دەسەڵاتدارە، توشی شکستێکی گەورە هات و تەنها ٢٢٪ی دەنگەکانی بەدەست هێنا، لە ئێستادا خولی دووەمی هەڵبژاردنەکە بەڕێوە دەچێت.

رەشەبای گۆڕانکاریی زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپای گرتووەتەوە و بەپێی راپرسییەکان، پارتی راستڕەوی ئۆپۆزسیۆن دەبێتە بەهێزترین فراکسیۆن لە پەرلەمان، بەڵام رەنگە نەتوانێت لە کۆی ٥٧٧ کورسی پەرلەمان زۆرینەی کورسییەکان کە ٢٨٩ کورسییە مسۆگەر بکات و دەبێت لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە بە یەکەوە حکومەت پێکبهێنن.

ئەوەی چاوەڕوان کراوە لە هەڵبژاردنەکەدا، شکستی بەرەی میانڕەوەکانە بە سەرۆکایەتی ماکرۆن، بەو پێیەی لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا، تووشی شکستێکی گەورە هات و تەنها ٢٢٪ـی دەنگەکانی بەدەست هێنا.

ئەوەش لە کاتێکدایە یەکێک لە خاڵە گرنگەکان بۆ دەنگدەران پرسی کۆچبەر و پەنابەرانە، کە راستڕەوەکان لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان هێنا، هەروەهابابەتی مووچە و تەمەنی خانەنشینی و شەڕی ئۆكراینا و كەرتی غەززە و پەیوەندییەكانی فەرەنسا لەگەڵ ئەفریقا کۆمەڵێک پرسی دیکەن.

لەلایەکی ترەوە یەکێتی ئەوروپا بە وردی چاودێری ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکات و ترسی هەیە لەوەی کاریگەریی لەسەر سیاسەتەکانی دروست بکات، بە تایبەتی لە بارەی دۆسیەی پەنابەران.

بەرەی نیشتمانیی راستڕەو بە سەرۆکایەتی جۆردان باردێلا، بەڵێنی داوە کە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەر بکەوێت، باج لەسەر هاوڵاتیان و بە تایبەتی لەبواری وزە کەم بکاتەوە، بەڵێنیشی داوە، تەمەنی خانەنشینی لە ٦٤ ساڵەوە بۆ٦٠ ساڵ کەم بکاتەوە.

گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکانیش کە لە ٣٠ حوزەیران بەڕێوە چوو، پارتە راستڕەوەکان نزیکەی ٣٤٪ـی دەنگەكان و پارتە چەپەکانیش ٢٢ـی دەنگەكان و پارتەكەی ئیمانوێل ماكرۆنیش ٢٢٪ـی دەنگەكانیان بەدەستهێنا.

رێژەی بەشداریش لە گەڕی یەکەمدا نزیکەی ٧٠٪ بوو، کە ئەوەش مێژوویی بوو، هەروەها پێشبینی کراوە لە گەڕی دووەمشدا بەشداریی دەنگدەران زیاتر بێت و لە ئاستێکی بەرزدا بێت.













گەلەری