سەردێڕ:

ستارمەر: لەمڕۆوە گۆڕانکاری راستەوخۆ دەست پێدەکەین

PM:03:51:06/07/2024

1900 جار خوێندراوەتەوە

دوای سەرکەوتنە مێژوویەکەی پارتەکەی و کۆتایی هێنان بە ١٤ ساڵ حکومڕانی پارتی پارێزگاران، کیەر ستارمەر وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا کابینەکەی پێکهێنا و داوای کرد بەخێرای ئەندامانی حکومەتەکەی دەستبەکاربن. لە لێدوانێکیشدا رایگەیاند، " لە ئەمڕۆوە گۆڕانکاری راستەوخۆ دەست پێدەکەین".


دوای ئەوەی لە کۆشکى بەکینگهام، شا چارڵزی سێیەم پادشای بەریتانیا، ستارمەری راسپارد بە پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی حکومڕانی، سەرۆکی پارتە ئۆپۆزسیۆنە براوەکە، زیاتر لە ١٨ وەزیری کابینەکەی دیاری کرد.

دوای سەرکەوتنی پارتەکەی کیەر ستارمەر، لە یەکەم وتاریدا رایگەیاند،" لە ئەمڕۆوە گۆڕانکاری راستەوخۆ دەست پێدەکەین و متمانەی خەڵکی بە حکومەت چاک دەکەینەوە".

باسی لەوەشکرد، بێ متمانەیی خەڵکەکەیان تەنیا بە کردار چاک دەبێتەوە، وتیشی وەک ئەوەی بەڵێنیدابوو یاساى ناردنى کۆچبەران بۆ روواندا هەڵوەشاندەوە، بەپێی کارنامەی حکومەتەکەیشی، سەقامگیرکردنی دۆخی ئابووری و دامەزراندنی شەش هەزار و ٥٠٠ مامۆستای نوێ لە کارە لە پێشینەکانییەتی، لەگەڵ دانانی یاسای نوێ بۆ ئاسایشی سنوورەکان و کردنی بەریتانیا بە رابەرێکی تەکنەلۆجی جیهانی.

ستارمەر لە میانەی کابینە نوێکەیدا، هەستیارترین وەزارەتەکانی کابینەکەی رادەستی ژنان کردووە، کە دیارترینیان شەبانە مەحمودی بە رەگەز سعودییە، وەک وەزیری داد دیاری کرا و بە یەکەم ژنی مسوڵمان دادەنرێت کە توانیبێتی ئەو پۆستە وەربگرێت.

شەبانە مەحمود، پێشتر وەک راوێژکاری باڵای وەزیری داد خزمەتی کردووە، لە ساڵی ١٩٨٠ـدا لە خێزانێکی سعوودی لە دایک بووە، سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتای دیاریکردنیوەک وەزیری داد ناکۆکی دروست بوو لە ناو پارتەکەدا، بەڵام بەهۆی ئەو لێهاتوویەیی هەیبوو توانی پۆستەکە وەربگرێت.

لەلایەکی دیکەوە، فێریاڵ کلارک کە خەڵکی مەڵاتیای باکووری کوردستانە لە بازنەی باکووری ئینفیڵد توانی دەنگی یەکەمی بەدەست بهێنێت و بووەتە ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، چواری ئەم مانگە پارتی ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی گەورەترین شکستی بە پارتی دەسەڵات هێنا و حکومەتی بەریتانیای گرتە دەست، بەشێوەیەک حەوت ئەندامی سەرکەوتووی پەرلەمان بە جیاوازی ١٥ بۆ ٩٨ دەنگ توانیان کورسی پەرلەمان مسۆگەر بکەن، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردن کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان دەبێت و بە جیاوازی کەم کاندیدەکان یەکلای دەکاتەوە.













گەلەری