سەردێڕ:

مەسعود پزیشکیان بووە نۆیەم سەرۆک کۆماری ئێران

AM:09:20:06/07/2024

4592 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی لە قۆناغی یەکەمدا هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن و هەڵبژاردن کەوتە خولی دووەمەوە، دوێنێ خولی دووەم بەڕێوەچوو و پزیشکیان توانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و بەوپێیەش دەبێتە نۆیەم سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە.


دوێنێ هەینی، خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران بەڕێوەچوو و تیایدا رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران بە نزیکەی ١٠٪ بە بەراورد بە خولی پێشوو زیاتر بوو و هەڵبژاردنەکە لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تاوەکو ١٢ی شەو بەردەوام بوو.

هەینی رابردوو خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری وڵاتەکە بەڕێوەچوو، بەڵام هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن و رێژەی بەشداری خەڵک کەمتر بوو لە ٤٢٪، هەر بۆیە هەڵبژاردن کەوتە خولی دووەمەوە.

لە خولی یەکەمدا ٢٤ ملیۆن و ٥٣٥ هەزار و ١٨٥ دەنگ بەدەست هاتبوون، لەو ژمارەیەش مەسعود پزشکیان ١٠ ملیۆن و ٤١٥ هەزار و ٩٩١ دەنگ و سەعید جەلیلی نۆ ملیۆن و ٤٧٣ هەزار و ٢٩٨ دەنگیان بەدەستهێنا.

لە قۆناغی دووەمدا مەسعود پزشکیان و سەعید جەلیلی رکابەریی یەکتریان کرد و رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران ئاستێکی بەرزی تۆمارکرد، کە تیایدا ٣٠ ملیۆن و ٥٣٠ هەزار و ١٥٧ دەنگ درابوون و لەو ژمارەیەش مەسعود پزشکیان توانی ١٦ ملیۆن و ٣٨٤ هەزار و ٤٠٣ دەنگ بەدەستبهێنێت و سەعید جەلیلیش ١٣ ملیۆن و ٥٣٨ هەزار و ١٧٩ دەنگی بەدەستهێناوە، بەوەش پزیشکیان دەبێتە چواردەیەم سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، پاشنیوەڕۆی رۆژی ١٩ی ٥ی ئەمساڵ، هەواڵی دیارنەمانی هێلیکۆپتەری سەرۆک کۆماری ئێران لەکاتی گەشتێکدا بڵاوکرایەوە پاش نزیکەی ١٠ کاتژمێر لە گەڕان بە دوایدا، پاشماوەی هێلیکۆپتەرەکە لە ناوچەی دارستانی دیزمار لەنێوان گوندەکانی ئاوزی و پیرداوددا دۆزرایەوە.

دوابەدوای رووداوەکە ئەوە راگەیەنرا، بەهۆی خراپی دۆخی کەشوهەواوە هێلیکۆپتەرەکە کەوتووەتە خوارەوە، کە بۆ کردنەوەی بەنداوێک لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات چووبوو و لە رێگای گەڕانەوەیاندا رووداوەکە روویدابوو.

بەهۆی رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەوە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوە و حەوت کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا.













گەلەری