بەگوێرەى ئەنجامە بەراییەکان لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى فەرەنسا، ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و توانیویەتی ٪٣٤ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت. بۆ یەکەمجاریشە لەدوای ٤٠ ساڵ رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران بۆ ٪٦٥ بەرزببێتەوە.
دوێنێ یەکشەممە، خولی یەکەمى هەڵبژاردنى پێشوەختەى پەرلەمانى فەرەنسا بەڕێوەچوو و تێدا ئۆپۆزسیۆن بە سەرکردایەتی جۆردان باردێلای ٢٨ ساڵ، سەرکەوتنی بەسەر پارتەکەى ئیمانییۆل ماکرۆن سەرۆکى وڵاتەکە بەدەستهێنا.
پەرلەمانی فەرەنسا لە ٥٧٧ کورسی پێکدێت و ٤٩ ملیۆن کەس
مافی دەنگدانیان هەیە. بەپێی راپرسی و ئەنجامە بەراییەکان، ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە کە
پارتی رەوتی نیشتیمانی راستڕەوە، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا ٪٣٤ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
پێشبینی دەکرێت راستڕەوەکان بتوانن ٢٦٠ بۆ ٣١٠ کورسی پەرلەمانی
بەدەستبهێنن و بەوەش دەبنە گەورەترین پارتی پەرلەمانی فەرەنسا و دەتوانن حکومەتی
داهاتووی وڵاتەکە پێکبهێنن.
لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا بەرەی میللی نیشتمانی چەپەکان
٢٩٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و لە پلەی سێیەمیش، هاوپەیمانی ئۆنسومبل کە هاوپەیمانێتییەکی
میانڕەوی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسایە، ٢٠.٥٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
خولی دووەمی هەڵبژاردنەکە لە رۆژی ٧ـی ئەم مانگەدا بەڕێوەدەچێت
و ئەو کاندیدانەی لە خوولی یەکەمدا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە دەچنە پێشەوە بۆ
خوولی دووەم کە یەکلاکەرەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەبێت.
دوای ئەوەی پارتەکەی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا لە
هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا توشی شکست بوو، رۆژی ٩ـی حوزەیران لەلایەن
ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنساوە هەڵبژاردنی بەپەلەی پەرلەمانی فەڕەنسا دیاری
کرا.
ئیمانوێل ماکرۆن بەپێی هەڵبژاردنی پێشوو تاوەکو ساڵی
٢٠٢٧ سەرۆک کۆماری وڵاتە، بەڵام پێشتر ماکرۆن باسی لەوەکردبوون ئەگەر پارتەکەی
شکست بهێنێت و بەرەی راستڕەوەکان یان بەرەی چەپەکان سەربکەون، ئەوا قۆناغێکی نوێی
دابەشکردنی دەسەڵاتی دەستپێدەکات و ئەو لایەنەی سەردەکەوێت دەتوانێت سەرکردایەتی
حکومەتی داهاتوو بکات.