سەردێڕ:

هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەڕەنسا بەردەوامە؛ پارتەکەی ماکرۆن شکست دەهێنێت؟

PM:02:30:30/06/2024

1244 جار خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەڕەنسا دەسی پێکردووە و رکابەرایەتییەکە لەنێوان سێ بەرەی جیاوازە کە بریتین لە بەرەی راستڕەوەکان، بەرەی چەپەکان و بەرەی میانڕەوەکان کە لەلایەن ماکرۆنەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، بە گوێرەی راپرسییەکانیش، پێشبینی دەکرێت بەرەی راستڕەوەکان زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنن و شکست بە پارتەکەی ماکرۆن بهێنن.


ئەمڕۆ یەکشەممە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەڕەنسا بەڕێوە دەچێت، پێشبینی دەکرێت لە ئێوارەی ئەمڕۆدا ئەنجامە فەرمییەکان رابگەیەنرێت.

هاوکات، بەپێی راپرسییەکانی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، پێشبینی دەکرێت پارتی راستڕەو زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و ببێتە گەورەترین پارت لە پەرلەمانی فەڕەنسا.

هەڵبژاردنەکە بە دوو خول ئەنجام دەدرێت کە ئەمڕۆ خولی یەکەم دەستی پێکردووە و خولی دووەمیش لە رۆژی ٧ـی تەمموز دەست پێدەکات، ئەو کاندیدانەی لە خوولی یەکەمدا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە دەچنە پێشەوە بۆ خوولی دووەم کە یەکلاکەرەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەبێت.

لە هەڵبژاردنەکەدا نزیکەی ٤٩ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی ٥٧٧ ئەندامی پەرلەمانی فەڕەنسا.

لایەنە کێبڕکێکارەکانی هەڵبژاردنەکە

بەرەی راستڕەوەکان کە لەلایەن مارین لیپێن سەرۆکی پارتی گردبوونەوەی نیشتیمانی سەرۆکایەتی دەکرێت پێشبینی دەکرێت ٣٦٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

بەرەی چەپ کە لە هاوپەیمانێتی نێوان بەرەی چەپی دوور و لایەنە سەوزە جیاوازەکان پێک دێت پێشبینی دەکرێت ٢٩٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

بەرەی میانڕەوەکان کە پارتی رێنێسانی ماکرۆن سەرۆکایەتی دەکات بەپێی راپرسییەکان پێشبینی دەکرێت ١٩.٥٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

دوای ئەوەی پارتەکەی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا توشی شکست بوو، رۆژی ٩ـی حوزەیران لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنساوە هەڵبژاردنی بەپەلەی پەرلەمانی فەڕەنسا دیاری کرا.

بەوپێیەی ئیمانوێل ماکرۆن تاوەکو ساڵی ٢٠٢٧ سەرۆک کۆماری وڵات دەبێت هیچ لایەنێک ناتوانێت ناچاری بکات دەست لەکار بکێشێتەوە و لەوبارەیەشەوە ماکرۆن دەڵێت، ئەگەر پارتەکەی بدۆڕێت و بەرەی راستڕەوەکان یان بەرەی چەپ سەرکەوت، ئەوا قۆناغێکی دابەشکردنی دەسەڵاتی لێدەکەوێتەوە، کە تێیدا ئەو لایەنەی سەردەکەوێت سەرکردایەتی حکومەت و پەرلەمان دەکات.













گەلەری