سەردێڕ:

بۆ ئەنجامدانی مانۆڕێک؛ ئەمریکا کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری جەنگی رەوانەی کۆریای باشوور کرد

PM:06:51:22/06/2024

1092 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریکا کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری جەنگی رەوانەی کۆریای باشوور کرد و بڕیارە لەگەڵ هێزەکانی ئەو وڵاتە مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەش ئەنجام بدەن، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ بەرەنگاربونەوەی هەڕەشەکانی کۆریای باکوور.


فەرماندەیی هێزی دەریایی کۆریای باشوور رایگەیاند، ئەمریکا کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری جەنگی بەناوی تیۆدۆر رۆزڤێڵت رەوانەی وڵاتەکەیان کردووە و کەشتییەکە گەیشتووەتە ناوچە ئاوییەکانی کۆریای باشوور، ئەوەش بۆ پیشاندانی پشتیوانی بۆ حکومەتی سیئۆل.

ناردنی ئەو کەشتییە دوای ئەوە دێت، ڤیلادمێر پوتنی سەرۆکی روسیا سەردانی کۆریای باکووری کرد و لەگەڵ کیم جۆن ئونی سەرۆکی ئەو وڵاتە چەند رێککەوتنێکیان واژۆ کرد، ئەوەش حکومەتی سیئۆلی نیگەران کرد و باڵیۆزی روسیای لە وڵاتەکەی بانگهێشتکرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی ئەو رێککەوتننامەیەی لە نێوان مۆسکۆ و پیۆنگیانگ واژۆ کراوە، کە دەقەکەی بریتیبوو لەوەی، روسیا و کۆریای باکوور هاوکاری یەکدی دەکەن لە ئەگەری هێرشکردنە سەریان لەلایەن وڵاتانی دیکەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، حەوت مانگ بەر لە ئێستا، کەشتییەکەی دیکەی فڕۆکەهەڵگری جەنگی ئەمریکی بەناوی کارڵ ڤێنسن رەوانەی باشووری کۆریا کرا، پێشبینیش دەکرێت ئەم مانگە مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکەی واشنتن و سیئۆل بەڕێوە بچێت.













گەلەری