گروپی چەکداریی حەماس رایگەیاند، پەیوەندییەکانی گروپەکە لەگەڵ وڵاتی قەتەردا باشە، ئەو وڵاتە بەهۆی رێکنەکەوتن لەسەر ئاگربەست سزای بەسەر حەماسدا نەسەپاندووە و گفتوگۆکان بەردەوامن.
ئەمڕۆ هەینی، غازی حەمد ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی گروپی چەکداریی حەماس ئاماژەی بەوە کرد، بوونی حەماس لە قەتەر ئەگەری لێکتێگەیشتن و پەیوەندیکردن و گەیاندنی بیرۆکەکان بە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا زیاتر دەکات.
باسی لەوەش
کرد، قەتەر بە یارمەتی نێوەندگیرە میسرییەکان لە سەرەتای دانوستانەکانەوە هەوڵدەدات
بەشێوەیەکی بەردەوام جەنگ لە فەڵەستین بوەستێت.
ئەوەشی
خستە روو، رەتی دەکەنەوە قەتەر هیچ سزایەکی بەسەردا سەپاندبن و گفتوگۆکان بەردەوامن
و سوورن لەسەر داواکارییەکانی خۆیان کە خۆی لە وەستاندنی جەنگ و کشانەوەی هێزەکانی
ئیسرائیل و گۆڕینەوەی دیلەکان و بنیادنانەوەی غەززەدا دەبینێت.
دەشڵێت،
ئیسرائیل نایەوێت شەڕ رابگرێت و نایەوێت بگاتە رێککەوتن، ململانێی ناوخۆی ئیسرائیلیش
ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە حکومەتی ئەو وڵاتە دەیەوێت بەردەوامی بە جەنگ بدات.
راشیگەیاند،
حەماس ئامادەیە ئاڵوگۆڕی دیلە مەدەنی و سەربازەکانیش لەگەڵ ئیسرائیلدا بکات ئەگەر
مەرجەکانی جێبەجێ بکرێن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، جەنگی نێوان
حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و ماوەی
زیاتر لە هەشت مانگە جەنگەکە بەردەوامە. هاوکات بەهۆی جەنگەکەوە تا ئێستا بە هەزاران
کەس لە هەردوولا گیانیان لەدەستداوە و بە هەزارانیش بریندار بوون.