سەردێڕ:

پۆلیسی دەریاوانی ئیتاڵیا: حەوت تەرمی بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی کۆچبەران دۆزرایەوە

PM:03:08:19/06/2024

11228 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی دەریاوانی ئیتاڵیا رایگەیاند، حەوت تەرمی بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی کۆچبەران دۆزرایەوە. دەشڵێت، " زۆربەی کۆچبەرە بێسەروشوێنەکانی بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکە منداڵن".


ئەمڕۆ چوارشەممە، پۆلیسی دەریاوانی ئیتاڵیا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، تەرمی حەوت کەس لە بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی سنووری ئاوی شاری لۆکرید دۆزراونەتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە ئێستادا تەرمی ئەو حەوت کەسە رەوانەی بەشی توێکاری کراون لە نەخۆشخانەی ناوەندی لۆکرید، کە چوار پیاو و دوو ژن و منداڵێک بوون.

ئەوەش خراوەتە روو، تا ئێستا لە سنووری شاری لۆکرید و بەندەری گرازی لە شاری رۆسێلا جۆنیکا گەڕان بەدوای تەرمەکانی دیکەدا بەردەوامی هەیە، بەڵام بەهۆی سەختی شەپۆلی دەریاکەوە گەڕان بەشوێنیاندا قورستر بووە.

باس لەوەش کراوە، لەلایەن تیمی فریاگوزاری کەناراوەکانی ئیتاڵیاوە ١٥ کەس کە زۆرینەیان منداڵن، لە خنکان رزگارکراون و بەمەبەستی چارەسەرکردن گواستراونەتەوە بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی لۆکرید.

ئەوەش لە کاتێکدایە، شەوی ١٦ لەسەر ١٧ـی ئەم مانگە بەلەمێک لە کەناری لۆکرید بەدووری ١٢٠ میل بەهۆی شەپۆلەکانی دەریاوە ژێرئاو کەوت و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٣٣ کەس خنکان. بەپێی زانیارییەکانیش، لە بەلەمەکەدا ٣٥ کۆچبەری کوردی تێدابووە، کە ١١ کەسیان ئەندامی یەک خێزان بوون و کەسوکارەکەشیان دەڵێن، سێ کەسیان رزگاریان بووە و تەرمی دوانیشیان دۆزراونەتەوە.


 













گەلەری