سەردێڕ:

تەنها لە چوار مانگی رابردوودا؛ هەرێم پێنج ترلیۆن و ٤٦٨ ملیار دیناری دەستکەوتووە

AM:09:29:15/05/2024

1092 جار خوێندراوەتەوە

بە تەنها لە چوار مانگی رابردوودا، هەرێم پێنج ترلیۆن و ٤٦٨ ملیار دیناری دەستکەوتووە، لە کاتێکدا لەو ماوەیەدا بۆ مووچە پێویستی بە سێ ترلیۆن و ٧٩٦ ملیار بووە، بەمەش بەو پارەیەی لەبەردەستی ماوە دەیتوانی مووچەی دوو مانگی تر دابەشبکات.


هەرێم مانگانە داهاتی ناوخۆی بە ٣٥٠ ملیار دینار دەخەمڵێنرێت و مانگانەش زیاتر لە ٣٥٠ ملیار دیناری لە فرۆشتنی نەوتی قاچاخ دەست دەکەوێت، هاوپەیمانانیش بەردەوامن لە هاوکارییەکانیان و مانگانە نزیکەی ٢٣ ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرن، بەمەش هەرێم مانگانە بە تەنها لە رێگەی داهاتی ناوخۆ و نەوتی قاچاخ و هاوکاری هاوپەیمانان زیاتر لە ٧٢٢ ملیار دیناری دەست دەکەوێت.

لەلایەکی دیکەشەوە، بەغدا لەمساڵدا بەردەوام بووە لە ناردی پارە و لە سێ مانگی رابردووشدا بڕی دوو ترلیۆن و ٥٧٨ ملیار دیناری بۆ هەرێم ناردووە، بەوەش هەرێم بەو داهاتانەی تر کە لە بەردەستییەتی دەیتوانی بە ئاسانی مووچەی تەواوی مانگەکان دابەش بکات.

بە گشتی هەرێم لە چوار مانگی رابردوودا بە تەنها لە داهاتی ناوخۆ یەک ترلیۆن و ٤٠٠ ملیار دیناری دست کەوتووە، هاوکات لەو چوار مانگەدا لە فرۆشتنی نەوتی قاچاخیش زیاتر لە یەک ترلیۆن و ٤٠٠ ملیار دیناری دەست کەوتووە و هاوپەیمانانیش لەو چوار مانگەدا ٩٠ ملیار دیناریان وەک هاوکاری بۆ هەرێم ناردووە.

بەو پارەیەی بەغداش لە سێ مانگی رابردوو ناردوویەتی، بڕەکەی دوو ترلیۆن و ٥٧٨ ملیار دینارە، تێکڕا هەرێم لە چوار مانگی رابردوودا پێنج ترلیۆن و ٤٦٨ ملیار دیناری دەست کەوتووە، لە کاتێکدا هەرێم لەو چوار مانگەدا بۆ دابەشکردنی مووچە تەنها پێویستی بە سێ ترلیۆن و ٧٩٦ ملیار دینار بووە.

ئەگەر ئەم ژمارانە کۆ بکەینەوە، ئەو پارەیەی لەبەردەست هەرێمە سەرڕێژی کردووە و حکومەتی کاربەڕێکەر دەیتوانی لە رێگەیەوە مووچەی مانگی چواریش بە ئاسانی دابەش بکات و کارە تەواونەکراو و پرۆژەکانیشی بخستایەتەوە کار و دۆخی هاوڵاتییانی لەو خراپیەی ئێستا رزگار بکردایە.














گەلەری