سەردێڕ:

گەرمترین رۆژی ئەمساڵ دیاری کرا

PM:05:48:23/07/2024

32392 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای چاودێریی گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆسی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، رۆژی ٢١ـی تەمموزی ئەمساڵ گەرمترین رۆژی ساڵ بووە و بە تێکڕاش پلەی گەرما بەرێژەی ١٪ زیاتر بووە لە ساڵانی رابردوو.


ئەمڕۆ سێشەممە، دەزگای چاودێریی گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆسی یەکێتی ئەوروپا لەبارەی کەشوهەوای جیهان راپۆرتێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، پلەکانی گەرما لە رۆژی ٢١ـی تەمووزەی ئەمساڵ لە بەرزترین ئاستدا بووە و بەتێکڕاش پلەکانی گەرما ١٪ بەرزتر بووە لە ساڵانی رابردوو.

"٢٠٢٤ دەبێتە گەرمترین ساڵ لە مێژوودا"

بە گوێرەی راپۆرتێکی سەنتەری نەتەوەیی بۆ زانیاری ژینگەیی سەر بە حکومەتی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ٢٠٢٤ لە ریزبەندی پێنج گەرمترین ساڵەکانی مێژوودایە، پێشبینیش دەکرێت ببێتە گەرمترین ساڵی مێژووش.

ئەوەش خراوەتە روو، بەراورد بە سەدەی رابردوو، تێکڕای پلەی گەرمی زەوی ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لە سەروو ئاستی ئاساییەوە، مانگی رابردووش لە زۆرینەی ناوچەکان، گەرمترین مانگ بووە لە مێژووی زەویدا، بەفری زۆرینەی ناوچەکانی باکووری زەوی تواونەتەوە و بۆ نزمترین ئاست دابەزیون، رێژەی سەهۆڵی دەریاکانیش، بۆ نزمترین ئاستی ٤٦ ساڵی رابردوو دابەزیون.

هاوکات، بە گوێرەی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نیو سەدەی رابردوودا، زەوی ٣٥٪ـی بەستەڵەکەکانی باکووری لەدەستداوە کە زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٤٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.

گەرمبوونی گۆی زەوی و توانەوەی بەستەڵەکەکان، بەبیابانبوون، ئاگری دارستانەکان و تەقینەوەی گڕکانەکان دەرئەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوان، پێشتریش، خزمەتگوزاریی گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆسی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوە کرد، ساڵی ٢٠٢٣ گەرمترین ساڵ بووە لە ١٨٣ ساڵی رابردوودا، زاناکانیش هۆشدارییان داوە لەوەی کە رەنگە لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا جارێکی دیکە پلەكانی گەرمی تۆمارکراو ئاستی ئاسایی تێپەڕێنێت، هۆکاری سەرەکی گەرمبوونی زەویش، گۆڕانی کەشوهەوایە.

"













گەلەری