سەردێڕ:

تەنها لە ئەمڕۆدا چوار کەس خنکاون

PM:05:14:26/07/2024

6240 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، لەمڕۆدا لە زێی بچوک و زێی گەورە و روباری خابیر لە زاخۆ و بەنداوی خاسە لە کەرکوک چوار کەس خنکاون.


ئەمڕۆ هەینی، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە گوندی گەڵناغاج لە سنووری گۆپتەپە ژنێک کەوتە ناو ئاوی زێی بچوکەوە و بەوهۆیەوە خنکا.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ژنە تەمەنی ٢٥ ساڵە و تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و تیمی خۆبەخشی گۆپتەپە بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا.

هاوکات هەر ئەمڕۆ، گەنجێکی کوردی دانیشتووی کەرکوک لەکاتی راوەماسیدا کەوتە ناو بەنداوی خاسە و خنکا.

لای خۆشیەوە، بەرگری شارستانی زاخۆ بڵاوی کردەوە، کاتژمێر ٤ـی ئەمڕۆ کەسێکی تەمەن ٥٥ ساڵ کەوتە ناو رووباری خابیرەوە و بەوهۆیەوە خنکا، کاتژمێر ٤:٢٨ خولەک تەرمەکەی دۆزرایەوە.

هاوکات، لە گوندی ئەبو شیتە لە سنووری گوێڕ هاوڵاتییەکی تەمەن ٣٠ ساڵ لەکاتی مەلەکردن لە زێی گەورەدا خنکا و لە ئێستادا تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە، سەرکەوت کاڕەش وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگری شارستانیی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ٢٥ـی تەمموز، ٤٩ حاڵەتی خنكان لە هەرێم تۆماركراون کە زۆرترین حاڵەتیان لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی بوون.


سۆران محەمەد - کەرکوک













گەلەری