سەردێڕ:

دژی کەمی خزمەتگوزاری؛ گردبوونەوەی دانیشتوانی گوندەکانی تەقتەق بەردەوامە

PM:10:18:25/07/2024

1316 جار خوێندراوەتەوە

بۆ سێیەم شەو لەسەریەک دانیشتوانی چەند گوندێکی سنووری تەقتەق دژی کەمی خزمەتگوزاری گردبوونەوە و باس لەوە دەکەن، لە ٢٤ کاتژمێردا تەنها سێ کاتژمێر کارەبایان هەیە، ئەوەش جگە لە خراپی دۆخی رێگاوبانەکانیان و کەمی خزمەتگوزارییەکانی دیکە.


ئەو هاوڵاتیانە باس لەوە دەکەن، لە ئێستادا کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا پێیان، زۆر کەمبووەتەوە بەجۆرێک لە ٢٤ کاتژمێردا تەنها سێ کاتژمێر کارەبایان پێدەدرێت، تا ئێستاش لایەنی پەیوەندیدار نەچوون بەدەم داواکانیانەوە.

هاوکات، دانیشتوانی ئەو گوندانە داوا دەکەن کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی زیادبکرێت چونکە ئەوان پارەی دوو جۆر کارەبا دەدەن هێشتاش وەک پێویست کارەبایان نییە و لە وەرزی هاوینیشدا لە بری زیادبوونی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا کەمدەبێتەوە.

باس لەوەش دەکەن، دەیانەوێت رێگاکانی سەر گوندەکانیان بۆ چاک بکەن چونکە شەقامەکان کەڵکی هاتوچۆیان نەماوە و پێویستە نۆژەن بکرێنەوە و رێگایەکی جیاوازیش بۆ ئەو بارهەڵگرانە دروست بکرێت کە لەو ناوچەیەوە تێپەڕ دەبن.

ئاماژە بەوەش دەکەن، پێویستە دەسەڵاتداران کێشەی رژانی نەوتی رەش لەسەر رێگاکانی ئەو گوندانە چارەسەر بکات چونکە دەبێتە هۆی رووداوی هاتوچۆ.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا چەندین جار دانیشتوانی کۆیە و تەقتەق و گوندەکانی دیکەی ئەو سنوورە، دژی خراپی رێگاوبان و کەمی خزمەتگوزاری گردبوونەتەوە و ناڕەزاییان دەربڕیوە، بەڵام وەک هەمیشە حکومەتی کاربەڕێکەر بێباکە لێیان و تەنها بەڵێنیان پێ دەدات و کێشەکانیان بۆ چارەسەر ناکات.

خالید محەمەد- کۆیە













گەلەری