وەزارەتى دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، بەهۆى نادروستى لیستەکەوە وردبینى لیستى مووچەى مانگى حەوتی مووچەخۆرانی هەرێم راگیرا. دەشڵێت، داواى روونکردنەوەیان لە حکومەتى کاربەڕێکەر کردووە تا هەفتەی داهاتوو بتوانن مووچەکە رەوانەی هەرێم بکەن.
وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کردووە، حکومەتى کاربەڕێکەر هیچ مانگێک بەبێ گرفت لیستى مووچەیان بۆ رەوانە ناکات و بەهۆی نادروستی لیستی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمیش، وردبینى لە لیستەکەدا راگیراوە.
باسی لەوەش کرد، داواى روونکردنەوەیان لە حکومەتى کاربەڕێکەر کردووە تاوەکو
دووبارە وردبینی لە لیستەکەدا بکەنەوە و تا هەفتەی داهاتوو بتوانن پارەی مووچە رەوانەی
هەرێم بکەن.
هاوکات، ئێن ئاڕ تى زانیویەتى، کێشەى سەرەکى لیستى مووچەى هەرێم پەیوەندى
بە ئامادەکردنى لیستەکەوە هەیە، هەر مانگێک جیاوازترە لە مانگەکەى پێشتر، بەشێوەیەک
لە لیستى حەوت مانگى رابردوودا بە حەوت شێوازى جیاواز لیست ئامادەکراوە.
ئێن ئاڕ تی ئەوەشی زانیوە، لە ماوەی سێ مانگدا حکومەتى کاربەڕێکەر نزیکەى
٣٦ ملیار دینارى بۆ پارەى مووچە زیاد کردووە، بەبێ ئەوەى پلەبەرزکردنەوەى دەست پێ کردبێتەوە
یان بەفەرمى هیچ کەسێکى دامەزراندبێت، ئەوەش گومانى زۆرى لاى حکومەتى عێراق دروست کردووە
و داواى روونکردنەوە دەکەن لە حکومەتى کاربەڕێکەر، بۆچى لیستى مووچەى هەرێم هێندە
ناجێگیرە و هەر مانگێک چەند ملیار دینارێک زیاد دەکات.
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە ٢٣ـی ٧، لیستی
مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانەی بەغدا کرا، لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی حکومەتی
کاربەڕێکەر رایگەیاندبوو هەموو ١٠ـی مانگێک لیستی مووچە رەوانەی بەغدا دەکەن،
بەڵام پاش زیاتر لە ١٠ رۆژ لەو وادەیەی دایان نابوو، لیستی مووچەیان رادەستی وەزارەتی
دارایی عێراق کرد.