باج؛ سەرانەی دەسەڵات
PM:03:06:25/07/2024
3484 جار خوێندراوەتەوە
عیماد مەحمود
+
-
باج چییە و لە بەرامبەر چیدا وەردەگیرێت؟
کێ دەچێتە ژێر رکێفی یاسای باجەوە؟
راگرتنی باج لەسەر نەخۆشخانە ئەهلی و نانەواخانە و سەمونخانەکان چییە؟
رۆڵی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە گێڕانەوەی نرخی پێش باجەکە چییە؟
هۆکارەکانی خۆدزینەوە لە باج و رسومات چییە؟
سادەترین پێناسە بۆ باج، سەپێنراوێکی زۆرەملێی نەختینەییە، دەوڵەت لە چوارچێوەی
یاسای گشتیدا،دەیسەپێنێت بەسەر تاک و زۆرینەی ئەو کاڵا و خزمەتگوزاریانەی کە تاک
مامەڵەی پێوە دەکات، بە یەکێک لە سەرچاوە هەرە گرنگەکانی داهات هەژمار دەکرێت، دەوڵەت
وەک سەرچاوەیەکی گرنگ، پشتی پێ دەبەستێت.
لە دونیای ئەمڕۆدا، تەواوی وڵاتانی جیهان بە تایبەت، وڵاتە پێشکەوتووەکان،
زۆر گرنگی بەم سەرچاوەی داهاتە دەدەن، چەند نمونەیەک بە ژمارە دەخەینە روو، بە نمونە،
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێژەی ٥٥٪ و تورکیا ٥١٪ـی داهاتیان لە باجـــــە.
کـــەواتە، روونە باج، چەندە گرنگە بۆ پڕکردنەوەی گەنجینەکانی دەوڵەت و گەشە
و بونیادی ئابوری، بەڵام، گرفت گەلێک هەن، کەوا دەکات هاوڵاتیان
نەچنە ژێر رکێفی باجدانەوە.
پێش هەموو شتێک، وەرگرتنی باج، بەو میکانیزمەی ئێستا دوور لە رێکارە یاساییەکان
و یاسای باج و دەستوری عێراقە، مادەی ٢٨ـی دەستوری عێراق دەڵێت، "هیچ باجێک یان
رەسمێک ناسەپێنرێت، هەموار ناکرێت، لێبوردن نایگرێتەوە، تەنها بە یاسا نەبێت"،
دەقی مادەکەش بە عەرەبی دەڵێت، "لا تفرض الضرائب و الرسوم، و لا تعدل، و لا
تجبی و لا یعفی، منها الا بالقانون".
کەواتە روونە هۆکاری راگرتنی باج و رسومات لەسەر نەخۆشخانە تایبەتیەکان و سەمونخانە
و نانەواخانەکان، بەدەر لە یاسا بووە، لە رابردوودا، واتە بە پێی رێنمایی و بڕیاری
حوکمی، باج و رسوماتیان لێ وەرگیراوە، بێشک ئەمەش دەڕواتە خانەی دزین و تاوان و سەرانە سەندن.
هەر بەپێی نوسراوەکەی ئەنجومەنی وەزیران، ئەو سێ چینە ئێستا دەتوانن داوای
قەرەبووی چەند ساڵی رابردووی خۆیان بکەن، هەرچۆنێک بێت بڕیاری راگرتنی ئەو
باج و رسوماتە باشە، بەڵام گرنگەدەسەڵاتی جێبەجێکردن، چاودێری لەسەر ئەو چینە کاسبکارە چڕ بکاتەوە تا دۆخی
نرخ ئاسایی دەکەنەوە و دەیگێڕنەوە دۆخی چەند
ساڵ بەر لە ئێستا.
بــــاج لە بەرامبەر پێدانی ماف و خزمەتگوزاریە، بەڵام لێرە پێچەوانەکەی بەرقەرارە،
نمونەی رسوماتی ژینگەو رێگاوبان.
وەرگرتنی باج، نازانرێت دەچێتە کیسەی کێوە و کێ لێی سوودمەند دەبێت، کە ئەمەش
هاوڵاتی دەخاتە گومانەوە، وای لێ دەکات نەچێتە ژێڕ رکێفی یاسای باجەوە و خۆی لێ
بدزێتەوە.
سروشتی باج وایە، لە گیرفانی پڕ و کیسەی گەرم وەردەگیرێت، لە کاتێکدا گیرفانی
تەواوی خەڵک وکۆمەڵگەیان، تەکاندووە.
لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە، ئەم بەناو خاوەن بڕیارانە، خۆیان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانیان
و سێبەرەکانیان، هەرگیز نەچوون و ناچنە، ژێر رکێفی یاسای باجەوە.
کەواتە، ئەمانە و دەیان هۆکاری تر هەیە، ئەستەمە خەڵک بە گشتی بڕواتە ژێر رکێفی
باجەوە.