بانکی ناوەندی لەرێگای سەکۆی ئەلیکترۆنی و سیستمی چاکسازی بانکەکان بەردەوامە لە بەرزکردنەوەی ئاستی فرۆشی هەفتانە، هاوکات لە رۆژی ٢١ بۆ ٢٥ـی تەمموزی ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری فرۆشتووە.
ئەمڕۆ هەینی، بانکی ناوەندی عێراق لەرێگای سەکۆی ئەلکترۆنی خستنەڕووی دراوە بیانییەکانەوە رایگەیاند، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بەتیکڕا بڕی یەک ملیار و ٣٨٧ ملیۆن و ٢٣٧ هەزار و ٤٩ دۆلار بەشێوەی کاش وحەواڵە فرۆشراوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە رێگای حەوت
بانکی رێگەپێدراوەوە ئەو رێژەیە بە سەرجەم بازرگانان و کۆمپانیاکان و گەشتیارانی
ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بە نرخی فەرمی فرۆشراوە.
ئەوەش خراوەتە روو، لەو رێژەیە بەتێکڕا
٤١ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلاری بەشێوەی کاشبووە و بڕی یەک ملیار و ٣٣٦ ملیۆن و ٩٣٧ هەزار و ٤٩ دۆلار بۆ پێویستی
بازرگانی هاوردەکردن و هەناردەکردن تەرخانکرابوو.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئاستی فرۆشی ئەم
هەفتەیە بەراورد بە هەفتەی رابردوو بەرێژەی ١٩٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە دیوە، ئەوەش
بەهۆی ئەوەی لە هەفتەی رابردوودا رۆژێک خستنەڕووی دۆلار راگیرا.
ئەوەش لە کاتێکدایە هەفتەی
رابردوو بانکی ناوەندی بەهۆی هەبوونی پشووی
فەرمی رۆژی موحەرەم، تەنها لە چوار رۆژی فرۆشدا کەمتر لە یەک ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلاری
بەشێوەی کاش و حەواڵە فرۆشتووە و ئەوەش بە کەمترین ئاستی فرۆشی دوو مانگی رابردوو
دانراوە.