سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان: پەرەسەندنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە رەفەح ترسناکە

PM:10:38:14/05/2024

1680 جار خوێندراوەتەوە

جێگری وتەبێژی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پەرەسەندنە سەربازییەکانی ئیسرائیل ی لە ناوچەی رەفەح و دەروبەری بە ترسناک باس کردووە.


ئەمڕۆ سێشەممە، فەرحان حەق جێگری وتەبێژی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، فراوانبوونی پێشهاتەکانی غەززە زیاتر رێگری لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە دەکەن و دۆخەکە کارەساتبارتر دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پەرەسەندنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی رەفەح و دەروبەری بە ترسناک باس کردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئەمریکا و هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە لەشکرکێشی بۆ سەر رەفەح، کابینەی ئیسرائیل فراوانکردنی هێرشەکانی لە شاری رەفەح لە بەشی باشووری کەرتی غەززە پەسەند کردووە.

ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوە دەکات کە هێرشەکانی بۆ رەفەح بەردەوامی پێدەدات کە زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارەی تێدایە، بەبیانووی ئەوەی رێژەیەکی زۆری چەکدارانی حەماس لەوێن.

جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە جەنگەکە بەردەوامە، بەپێی دوایین ئامارەکان تاوەکو ئێستا ٣٥ هەزار و ١٧٣ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٧٩ هەزار کەسیش بریندار بوون. هاوکات، بەپێی ئامارەکانی حکومەتی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا هەزار و ١٣٩ کەس لە ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە و هەشت هەزار و ٧٣٠ کەسیش دیکەش بریندار بوون.













گەلەری