سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی زانیاری لەسەر هەڵکوتانە سەر ماڵی بەرپرسە سەربازییەکەی یەکێتی بڵاودەکاتەوە

PM:08:02:12/02/2024

47772 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتی و میدیاکانی وابڵاویانکردەوە بەهۆی وەرگرتنی سەرانەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر بەرپرسێکی سەربازی ئەو حزبە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان راستی رووداوەکە بەجۆرێکی ترە، کە پێشئەوەی بچنە سەرماڵەکەشی بەرپرسە سەربازییەکەی خۆیان ئاگادار کردەوە کە شوێنەکە جێبهڵێت.


بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، یەکێتی بەپلانێکی رێکخراو سەرانە لە سەرمایەداران وەردەگرێت و پارە کۆدەکاتەوە و بەجۆرێک هەرکەسێک لە سلێمانی لە یەک ملیۆن دۆلاری زیاتری هەبێت، سەرانەی لێوەردەگرن بۆ حزبەکەیان.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی لەسەر وەرگرتنی سەرانە رێککەوتون و پارەکەش لەنێوان باڵەکانی ئەو حزبە دابەشدەکرێت و سەرمایەدارەکانیان دابەش کردووە، تەنانەت بە پێی رێکەوتنی نێوان باڵەکانی یەکێتی بەرتیل وەرگرتنی فەرمانگەکانیشیان دابەش کردووە بە جۆرێک کە شارەوانی سەر بە باڵێک و وەبەرهێنان سەر بە باڵێکی تر و فەرمانگەکانی تریش بە هەمان شێوە.

لەبارەی هەڵکوتانە سەر بەرپرسەکەی یەکێتیش ئێن ئاڕ تی زانیویەتی ئەو بەرپرسە پارەی لە کەسانێک وەرگرتووە کە لە دەرەوەی سنوری ئەو باڵەیە کە تێیدایە و لەدەرەوەی رێکەوتنە کۆنەکانیان بووە ئەوەش بەرپرسەکانی دیکەی یەکێتی توڕەکردووە، هەرئەوەش هۆکاربووە بۆ هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی.

هاوکات، ئێن ئاڕتی لەگەڵ چەند سەرمایەدارێک قسەی کردووە و دەڵێن، بەرپرسانی باڵای یەکێتی و کەسی یەکەمی یەکێتی لە حکومەت و تیمەکانیان و چەندین بەرپرسی سەربازی دیکەی ناو حزبەکە سەرانە وەردەگرن و پارە لە کاسبکار و وەبەرهێنەر و بازرگانان وەردەگرن.

ئەوەی ئیستا لە سلێمانی و تەواوی هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، ئەوەیەی کەسانی یەکەمی دوو بنەماڵە بە ئاشکرا بازرگان و سەرمایەداران بانگ دەکەن و سەرانەیان لێ دەسەنن، لە رابردوشدا لە سلێمانی هێزی تایبەت بە فەرمانی کەسی یەکەمی یەکێتی بە نایاسایی و دور لە فەرمانی دادوەر هەڵی کوتایە سەر شوێنی نیشتەجێی خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان و شاری جوان و چەندین پرۆژەی تر، وە لە ئێستادا بەشی زۆری سەرمایەدارانی سلێمانی و هەولێر هەرێمیان جێهێشتوە و لە شارەکانی ناوەڕاست و باشور سەرقاڵی کاری بازرگانین.













گەلەری