سەردێڕ:

ماڵپەڕێکی هۆڵەندی: لە کیشوەری ئاسیادا عێراق کەمترین رێژەی هاککردنی تێدایە

PM:03:38:12/02/2024

2440 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕێکی هۆڵەندی تایبەت بە پێوەرەکانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان بڵاویکردوە، وڵاتی روسیا بە پلەی یەکەم دێت لە رووی هاککردنی هەژماری بەکارهێنەرانی ئیتەرنێتەوە بەو پێیەی لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا لە هەر ١٠ بەکارهێنەرێکی ئینتەرنێت هەشت بەکارهێنەریان هاک کراون، سەبارەت بە عێراقیش، لە کیشوەری ئاسیادا عێراق کەمترین رێژەی هاککردنی تێدایە.


ماڵپەڕێکی هۆڵەندی تایبەت بە پێوەرەکانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان بڵاوی کردەوە، ٨٧٪ـی وڵاتان چڕی هاککردن تێیاندا کەمە و لەسەر ئاستی جیهانی بە تێکڕا لە هەر هەزار ئیمێڵێک ٥٠ ئیمێڵ هاک دەکرێت، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هاککەرەکان تەنها هەندێک وڵات دەکەنە ئامانج.

ئاماژە بەوەش کراوە، وڵاتی روسیا چڕی هاککردن تێدا جیاوازە و ژمارەی ئەو ئیمێڵانەی تێیدا هاک دەکرێن ١٧ هێندەی تێکڕای جیهانی زیاترە و لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا لە هەر ١٠ بەکارهێنەرێکی ئینتەرنێت لە روسیا هەشت بەکارهێنەریان هاک کراون.

ئەوەش خراوەتە روو، فەرەنسا لە پلەی دووەمدایە کە لە هەر ١٠ بەکارهێنەر سێ بەکارهێنەر هاک کراون و بە گشتی ئەوروپا لە پلەیەکی بەرزی هاککردندایە بەو پێیەی لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا لە هەر پێنج بەکارهێنەرێکی ئینتەرنێت بەکارهێنەرێک هاک کراوە.

باس لەوەش کراوە، وڵاتانی عەرەبی لە هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا، کەمترین بەرکەوتەی هاککردنن، هەروەها عێراق بە وڵاتێک دادەنرێت کە لە کیشوەری ئاسیادا کەمترین رێژەی هاککردنی تێدایە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە رووی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانەوە، بەریتانیا پێشەنگی جیهانە لە چڕی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، ژمارەی قوربانییەکان لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتە چوار هەزار و ٣٧١ قوربانی لە هەر ملیۆنێک بەکارهێنەری ئینتەرنێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی ٢٢ ساڵدا لە جیهاندا، حەوت ملیۆن و ٣٠٣ هەزار و ٢٦٧ کەس بوونەتە قوربانی دەستی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و زیانە دارایەکانیش بەهۆی تاوانی ئەلیکترۆنییەوە بە زیاتر لە ٣٦ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار دادەنرێت.













گەلەری