سەرۆکی رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەبێ ماندوبوون کار دەکەن بۆ ئەوەی کۆتایی بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی دەریای سور بهێنن و هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان بەبێ ترس دەستپێبکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئارسێنیۆ دۆمینگێز سەرۆکی رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئاڵۆزییەکانی دەریای سور کاریگەری خراپی لەسەر هاتوچۆی کەشتیوانی دروست کردووە و لێکەوتەی خراپی دەبێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، نەتەوە یەکگرتووەکان
بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بە زووترین کات کۆتایی بەو گرژی و ئاڵۆزیانە بێت کە
لە دەریای سوردا روودەدەن.
دەشڵێت، "دەمانەوێت جارێکی دیکە
ئازادی هامووشۆی کەشتییە بازرگانییەکان بۆ دەریای سوور بگەرێنینەوە و دۆخی ناوچەکە
ئارام ببێتەوە."
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە کۆتاییەکانی
ساڵی رابردووەوە هێزەچەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی یەمەن بەبەردەوامی هێرشی موشەکی
دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوردا و دەستیان بەسەر چەندین کەشتی
بازرگانیدا گرتووە.
ئەو هێرشانەش کاریگەری خراپیان لەسەر
هاتوچۆی کەشتیوانی لەو ناوچەیە ستراتیژییەدا دروستکردووە کە ١٢٪ـی بازرگانی جیهانی
پێدا تێدەپەڕێت.