سەردێڕ:

ئێران داوا لە عێراق دەکات هاوکاریان بن لە کەرتی بانکی و دۆسیەی غازدا

ئەمیر عەبدول هەیان وەزیری دەرەوەی ئێران
AM:11:32:26/05/2023

1816 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە عێراق کرد، هاوکاریان بکەن لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بانکی و بەهێز کردنی هێڵەکانی گواستنەوەی غاز لە نێوان هەردوو وڵات دا.


ئەمڕۆ هەینی، ئاژانسی هەواڵی ئێرنای ئێران رایگەیاند، ئەمیر عەبدول هەیان وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ فوئاد حسێن، هاوتا عێراقییەکەی کردووە و وەزیری دەرەوەی ئێران داوای کردووە، عێراق هاوکاری ئێران بکات لە ئاڵوگۆڕی بانکی و بەهێزکردنی هێڵەکانی گواستنەوەی غازى سروشتى.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە پەیوەندییەکەدا وەزیری دەرەوەی ئێران داوای ئەوەشی کردووە، کۆتا رێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات جێبەجێ بکرێت کە هەردوو وڵات لەسەری رێککەوتون.

ئەوە لە کاتێکدایە، عێراق لە رێگای بەکارهێنانی غازی ئێرانەوە سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین دەکات و لە چەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، ئێران هەناردەی غازی بۆ عێراق کەمکردوەتەوە و رۆژانە ٢٠ ملیۆن مەتر چوارگۆشە دەنێرن.

لای خۆشیەوە، ئەحمەد عەبادی، وتەبێژی وەزارەتی کارەباى عێراق رایگەیاندووە، هیچ کێشەیەکی بانکیان نییە و بەردەوام پارەی تەواو دەنێرن بۆ ئێران و هیچ قەرزێکی غازیان لەسەر نەماوە.

هاوکات، وەزارەتی کارەبای عێراق پلانی داناوە بۆ ئەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ ٢٤ هەزار مێگاوات لە رۆژێک دا بەرز بکاتەوە، لە کاتێک دا پێداویستی هاوڵاتیان ٣٥ هەزار مێگاواتە لە رۆژێکدا و بەوەش رێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا پێداویستی ناوخۆ پڕ ناکاتەوە و ئاماژەی بەوەش کردووە، وەزارەتی کارەبا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ چاک کردنی تۆڕی کارەبا.













گەلەری