سەردێڕ:

مژدە مەحمود: ئەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵ گیراوانی بادینان ناڕاست بوون

PM:10:26:25/02/2023

2508 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێم لە فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ بە ئێن ئار تی راگەیاند، ئەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵ گیراوانی بادینان ناڕاست بوون. هاوکات، یەکێک لە پارێزەرانی زیندانیانی بادینانیش دەڵێت، " لە ١٦ـی ٣ گیراوانی بادینان ئازاد دەکرێن".


مژدە مەحمود پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێم بە ئێن ئار تی راگەیاند، پارێزەرانی گیراوانی بادینان بەبێ بەرامبەر پاڵپشتییان لێکردوون لە کاتێکدا بەشێک لە دادوەرەکان ئامادە نەبوون بڕیار لەسەر دۆسییەکانیان بدەن و ئامادەی دانیشتنەکان بن.

باسی لەوەشکرد، چەندان جار داوایان لە سەرۆکایەتی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێم کردووە دەستوەربدەنە دۆسیەی گیراوانی بادینان، بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان گوێی بۆ نەگرتوون.

دەشڵێت، سەرۆکایەتی پەرلەمان لە خولی پێنجەم وێنەیەکی ناشیرینی پیشاندا و نەیتوانی بە باشی داکۆکی لە خەڵکی هەرێم بکات.

ئاماژەی بەوەشدا، دەبوایە خولی پێنجەمی پەرلەمان هەڵپەسێردرایە و هەڵبژاردن ئەنجامبدرایە، چونکە پەرلەمان و حکومەتێکی سەرکەوتوو نەبوو.

مژدە مەحمود وتیشی، لە ئێستاشدا و لە کاتی درێژکردنەوەیدا پەرلەمان دانیشتن ناکات و پەرلەمانتارەکان لەسەر پشکی پەرلەمان سەرقاڵی سەفەر کردن و گەشتکردنن.

دەشڵێت، دەسەڵات تاوەکو زوتر هەڵبژاردن بکات بۆ خۆی باشترە، چونکە رۆژانە خزمەتەکانیان بە خەڵک کەمتر دەبێتەوە و ئەوەش خەڵکیان لێ توڕە دەکات.

هاوکات، بەشدار حەسەن یەکێک لە پارێزەرانی گیراوانی بادینان رایگەیاند، بە بەردەوامی رێگریان لێکردوون کە گیراوانی بادینان ببینین لە کاتێکدا ئەوە مافی یاسایی خۆیانە و پێویستە هەمیشە هەوڵێکی زۆر بدەن تاوەکو بتوانن گیراوانی بادینان ببینن.

وتیشی، بڕیارە لە ١٦ـی مانگی داهاتوو سەرجەم گیراوان ئازاد بکرێن.

لەبارەی ئەو خەڵاتەی ئەمڕۆ جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەخشییە پارێزەرە خۆبەخشەکانی بەرگریکاری زیندانیانی بادینان، بەشدار حەسەن ئاماژەی بەوەدا، "ئەو خەڵاتەی نەوەی نوێ پێی بەخشین جێگای خۆشحاڵی و پاڵپشتی بووە بۆ ئێمە و سورترمان دەکات لەسەر هەوڵدان."

لەبارەی لێبوردنی گشتیشەوە باسی لەوەکرد، زیندانیانی سیاسی و ئەو زیندانیانەی کە کەسانی پلە یەکی خۆیان کوشتووە و تاوانبارانی دۆسیەی تیرۆر و مامەڵەی ماددەی هۆشبەر ناگرێتەوە.

دەشڵێت، ١٥٠ کەس لە هەرێم زیندانی سیاسین و بەشیکیشیان بە نا حەق زیندانی کراون.

ئەمڕۆ جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە ئامادەبوونی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەکە خەڵاتی بەخشییە ئەو پارێزەرانەی خۆبەخشانە بەرگرییان لە زیندانیانی بادینان کرد.

لە ماوەی رابردوو، ژمارەیەک چالاکوان و رۆژنامەنووسی بادینان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمەوە بەچەند تۆمەتێک دەستگیرکران، دواتریش دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بڕیاری سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ ئەو دەستگیرکراوانە دەرکرد.













گەلەری