سەردێڕ:

کام جۆرەی شەکر یارمەتیی گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان دەدات؟

PM:11:56:13/12/2024

234368 جار خوێندراوەتەوە

فرەکتۆز جۆرێکی شەکرە کە بە شێوازێکی سروشتی لە میوە، سەوزە و هەنگویندا هەیە، ئەم شەکرە کاتێک لەم سەرچاوە سروشتییانەوە وەردەگیرێت وەکو سێو و خورما، زیانی بۆ تەندروستی نییە.


بەڵام کاتێک، ئەم شەکرە لە رووەکەوە دەردەهێنرێت، دەستکاریدەکرێت، پاشان لە خواردنەوە گازی و دەستکاریکراوەکاندا بەکاردەهێنرێت، زیانی بەرچاو بە تەندروستی دەگەیەنێت.

لە توێژینەوەکانی پێشوودا دەرکەوتووە کە بەکارهێنانی ئەم شەکرە دەستکاریکراوە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشی زەهایمار نەخۆشی شەکرەی جۆری دوووم، نەخۆشی کۆبونەوەی چەوری سەرجگەر.

پسپۆڕان باسیان لەوەکردوە، مرۆڤ هەمیشە شەکری فرەکتۆزی بەکارهێناوە، جیاوازییەکە ئەوەیە کە پێشتر تەنیا لەرێگای سەرچاوە سرووشتییەکانەوە ئەم شەکرە خوراوە، بەڵام ئێستا ئەم شەکرە دەکرێت بە شەکری دەستکرد و لە خۆراکە دەستکاریکراوکاندا بەکاردەهێنرێت.

هەروەها بەگوێرەی توێژینەوەیەکی گۆڤاری نەیچەر، ئەم شیرینکەرە دەستکردە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست، مەمک و ملی منداڵدان زیاددەکات.

بۆچی پسپۆڕان گومانیان لە فرەکتۆز هەبوو و پێیان وابوو هۆکارە بۆ پەرەسەندنی شێرپەنجە؟

زیاتر لە سەدەیەکە ئەوە دەرکەوتووە کە خانە شێرپەنجەییەکان ئالوودەی شەکری گلوکۆزن، هەر ئەمەش لە کلینیکە پزیشکییەکاندا بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجە بەکاردەهێنرێت لەرێگای پێت سکانەوە، بە جۆرێک چارەخواز جۆرێکی تایبەتی گلوکۆزی پێدەدرێت و پاشان لەبەرئەوەی کە خانە شێرپەنجەییەکان بڕێکی زیاتر لە گلوکۆز بۆ خۆیان دەبەن، زۆر بە روونی لە وێنەی پێت سکانەکەدا دەردەکەون.

پێکهاتەی کیمیایی هەردوو شەکری گلوکۆز و فرەکتۆز هاوتای یەکن و تەنیا شێوازی ریزبوونی گەردەکانیان جیاوازە، هەربۆیە پسپۆڕان وای بۆ دەچوون کە خانە شێرپەنجەییەکان هاوشێوی گلوکۆز، شەکری فرەکتۆزیش بەکاردەهێنن، ئەمەش وای کرد کە پسپۆڕان بەدواداچوون و توێژینەوەی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بکەن.

 













گەلەری