میدیا تورکییەکان لە زاری وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەوە بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ تورکیا دەستی بە "ئۆپەڕاسیۆنێکی نوێ" کردووە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و چەند خاڵێکیان کردووەتە ئامانج.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، لە ناوچەکانی چیای برادۆست و چیای ئاسۆس و قەندیل چەند خاڵێکیان کردووەتە ئامانج، بەڵام تا ئێستا زەرەر و زیانەکان نەزاندراون.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەشکرد، چیای دڕەبی لە سنوری ناحیەی وەرتێ،
گوندی زارگەڵی و گوندی ئێندزە لە بناری قەندیل بۆردومان كراون.
هاوکات، لەلایەن دانیشتوانی بەشێک لەو
ناوچانەی نزیک بوون لە ئامانجەکان دەنگی فڕۆکەکان بیستراون وەک، سۆران و دەڤەری
راپەڕین.
ئەوەی سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستانیشە،
تورکیا بۆردوومانی شاری کۆبانێ و چەند ناوچەیەکی دیکەی کردووە لە حەلەب و بە گوێرەی روانگەی
سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ١٢ئەندام کە ٦ لە هێزەکانی سوریای دیموکرات و ٦ لە
هێزەکانی سوریا بوون، کوژراون.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای
دیموکرات لە تویتێکدا رایگەیاند، کردنە ئامانجی ئارامی ناوچەکانیان، لە بەرژەوەندی
هیچ لایەنێک نییە و هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە کارەسات روونەدات، کە جەنگ روویدا
کاریگەری بۆ سەر هەمووان دەبێت.
داواشی لە هاوڵاتیان کرد، پابەندی پارێزگاریکردن
و رێنماییەکانی هێزەکانیان بن.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لەبارەی هێرشەکەوە ڤیدیۆیەکی لە تویتەر بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی، "بە لێدانی ورد، تیرۆرستان لەناودەبەین."
ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، هەفتەی
رابردوو، بۆمبێک لە شاری ئەستەنبوڵی تورکیا تەقییەوە و بەهۆیەوە، شەش کەس گیانیان
لەدەستدا و ٨١ کەس برینداربوون، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا هێزەکانی یەپەگە و پەکەکەی تۆمەتبارکرد بە
ئەنجامدانی، بەڵام هەردوولا رەتیانکردەوە ئەوان کاری وایان ئەنجامدابێت و چاودێرانی
سیاسیش هەر ئەو کات باسیان لەوە دەکرد تورکیا نیازی ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی
سەربازی هەیە.