سەردێڕ:

ناتۆ: جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا بەم زوانە کۆتایی نایەت

PM:11:46:16/09/2022

1948 جار خوێندراوەتەوە

دوای حەوت مانگ لە چالاکی سەربازی هێزەکانی روسیا لە خاکی ئۆکرانیا، ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی "ناتۆ" رایگەیاند، جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا درێژە دەکێشێت.


یێنس ستۆڵتێنبێرگ ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" لە لێدوانێکدا بە میدیا بەریتانیەکانی راگەیاند، سەرەڕای ئەوەی هێزە ئۆکرانییەکان توانیان ناوچەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان کە لە ژێر دەستی روسیادا بوو کۆنتڕۆڵ بکەنەوە، بەڵام ئەمە بە مانای کۆتایهاتنی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا نایەت.

ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ پێشکەوتنی هێزە ئۆکرانیاکان لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەستی روسیای دووپات کردەوە و هاوکات هۆشداری دایە وڵاتانی رۆژئاوا بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ چەندین مانگ لە جەنگی درێژ خایەن.

بەهۆی ئەو هێرشە چڕەی ئۆکرانیا کردییە سەر هێزەکانی روسیا لە ماوەی رابردوو هەزارەها سەربازی رووسی لە ناوچەکەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کشانەوە.

ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، هێزە ئۆکرانییەکان هێرشی هەڵگەڕاوەیان کردە سەر هێزەکانی روسیا لە ناوچەی خارکێڤی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و توانیان زۆربەی ئەو ناوچانەی کە ماوەی چەندین مانگە لە ژێر دەستی روسیادایە کۆنتڕۆڵبکەنەوە.

جێگای ئاماژەیە لە ئێستادا روسیا ئامادەکاری دەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەی خارکێڤ لە ئۆکرانیا و میدیا روسییەکان لە ماوەی رابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمارکراوی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەیان بڵاوکردەوە، تێیدا ئامادەکاری هێز و کەلوپەل و چەکی سەربازی دەردەکەوێت و هەموو کەلوپەل و چەکەکان هەڵگری هێمای "Z"ن کە نیشانەی هەڵمەتی سەربازی سوپای روسیایە.













گەلەری