چاوگێکی ئاگادار درێژەی ئەو زانیارییانەی ئاشکرا کرد کە لە راپۆرتێکی پارێزراودا رەوانەی بەغداد کرابوو تێیدا هاتووە، مافیاکان بەرهەمە نەوتییەکان دەدزن و بەتاڵانی دەبەن لە عێراقدا. دەشڵێت، "زۆرترین بڕی نەوتی دزراو لە رێگەی دیالەوە بە هاوکاری دامەزراوە فەرمییەکان دەنێردرێتە کوردستان".
ئەمڕۆ هەینی، چاوگێکی ئاگادار بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، راپۆرتەکە نهێنییە و یارمەتی هێزەکانی ئاسایش دەدات بۆ ئەوەی مافیا نهێنییەکانی تاڵانکردن و دزینی بەرهەمە نەوتییەکان بدۆزنەوە لەعێراقدا و بەتایبەتیش لەگەڵ دووبارە بوونەوەی کەمی و درووستبوونی قەیرانی سووتەمەنی و دروستبوونی ناڕەزایی گەل و سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان لە دیالە و پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
باسی لەوەشکردووە، دزینی سووتەمەنی لە چەندین رێگای جیاوازەوە ئەنجام
دراوە و ٥٠٪ی لە رێگەی دیالەوە بووە و رەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە.
چاوگەکە دەشڵێت، "ئەو مافیانەش
ناتوانن سەربەخۆ ئەوکارانە بکەن هەتا پشتیوانێکی فەرمییان نەبێت لە فەرمانگە بەرپرسەکانی
ئەو بوارە و ناوی چەندین کەسیشمان بەدەست گەیشتووە لە تاڵانییەکانی دیالە و پاشماوەی
پارێزگاکانی دیکەش تێوەگلان و بەرپرسن."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئێمە
هەڵدەستین بە داخستنی رێگای نێوان دیالە و کوردستان بەمەش دزین و تاڵانی نەوت کەمتر
دەبێتەوە، بەڵام بەتەواوی کۆتایی پێنایەت هەتا هێزەکانی ئاسایش گەنجینە نهێنییەکانی
شاردنەوە و هەڵگرتنی نەوت نەدۆزنەوە و لێکۆڵینەوەی تەواو و ردی زیاتریش نەکرێت لە
ناردەنییەکان".
دەشڵێت، ئەگەر ئەوە نەکرێت ئەوا ئەمە دەبێتە هۆی بەردەوامی گرفتەکانی
سووتەمەنی لەکاتێکەوە بۆ کاتێکی دیکە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری
عێراق چەند جارێک باس لە سەرهەڵدانی قەیرانی سوتەمەنی کراوە و بەردەوام حکومەتی
عێراق ئەو دەنگۆیانەی بەدرۆخستووەتەوە. لەبەرامبەردا، سەرەڕای رەوانەکردنی سوتەمەنی و بەنزین بەشیوەیەکی لەلایەن حکومەتی
عێراقییەوە بۆ هەرێم و بە تاڵانبردنی ئەم
سوتەمەنییەش بۆ هەرێم، لە ئێستادا نرخی بەنزینو نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو لە هەرێم بەرزبووەتەوە.