سەردێڕ:

گرنگترین ڤیتامین و کانزاکان بۆ بەهێزکردنی یادەوەری و سەرنج کامانەن؟

AM:08:55:16/09/2022

6512 جار خوێندراوەتەوە

خۆراکی تەندروست و شێوازی ژیانی دروست ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە لە بەهێزکردنی یادەوەری و تەرکیزکردن و ڕێگریکردن لە لاوازبوونی ئەو توانایە.


بۆ ئەم مەبەستەش دکتۆر کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراك لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك ئاماژەی بە گرنگترین ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکان و کانزاکان کردووە کە یارمەتی زیادکردنی تەرکیز و یادەوەری و کەمکردنەوەی بیرچوونەوە دەدەن، دیارترینیان ئەمانەن:

١ .کۆمەڵەیم ڤیتامین (B)ییەکان بە تایبەت :

ڤیتامین (B 6) ڕۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ بەهێزکردنی یادەوەری و تەرکیز لە ڕێگای زیاتر ڕژاندنی دۆپامین و سیڕۆتۆنین کە هەردووکیان بریتین لە گەینەری دەماری کە زانیاریەکان دەگوازنەوە بۆ مێشک، سەرچاوەی خۆراکی ئەو ڤیتامینەش: سپێناخ ، مۆز ، گوڵەبەڕۆژە ، ماسی سەلموون و توونە ، گۆشتی مانگا و قەلەموون ، پەتاتەی شیرین .

ڤیتامین (B 12) زۆر بە سوودە بۆ مێشک و خوێن و زیادکردنی تەرکیز و بەهێزکردنی یادەوەری، هەروەها کەمییەکەی دەبێتە هۆی کەمخوێنی، سەرچاوەکانی خۆراک: گۆشتی سوور و ماسی و بەرهەمەکانی شیر .

ڤیتامین ( B9 ) کە بە فۆلیک ئەسید ناسراوە.

ڤیتامین (B 1) و(B 2) یادەوەری بەهێزدەکەن و گرنگن بۆ کۆئەندامی دەمار: سەرچاوەکانی خۆراک: دانەوێڵە تەواوەکان، گۆشت و جگەر، هێلکە، سەوزە گەڵاتۆخەکان وەک سپێناخ، سۆیا، شیر.

٢ . ڤیتامین (C ) دژە ئۆکسانێکی زۆر گرنگە، گرنگترین سەرچاوەکانی خۆراک: میوە مزرەمەنیەکان، هەڵوژە، شلیک،بیبەر .

٣ .ڤیتامین ( E ) دژە ئۆکسانیکی زۆر بەهێزە، سەرچاوەکانی خۆراک: زەیتی ڕووەکی، چەرەس ، ماسی ، هێلکە و جگەر.

‌‌٤. ڤیتامین (D) کەمی ڤیتامین هۆکاری سەرەکی شەکەت بوون و هیلاکی و گرژبوونی ماسوولکەکان و تێکچوونی میزاج و شت بیرچوونەوەیە، سەرچاوەی سەرەکییەکەی بریتییە لە تیشکی خۆر لە نێوان کاتژمێر ١٠ی بەیانی بۆ ٤ی پاشنیوەڕۆ، لە خۆراکدا بڕێکی زۆر کەم هەیە بێجگە لە زەیتی جگەری نەهەنگ، ماسیە چەوریەکان وەک سەلموون و ماکڕوێل .

٥. کۆلین: بە یەکێک لە کۆمەڵەی ڤیتامین (B) هەژمار دەکرێت و ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە بەهێزکردنی یادەوەری و تەرکیز و چالاک کردنی مێشک: سەرچاوەکانی خۆراک: هێلکە ، جگەر وگۆشت ، ماسی ناو دەریا ، پاقلەمەنیەکان.

گرنگترین تەواوکەرە خۆراکیەکان و کانزاکان :

١ . کریاتین: یەکێکە لە ترشە ئەمینیە گرنگەکان .

٢ .ئەنزیمی ( q 10 ).

٣ . ئۆمێگا - ٣ : گرنگن بۆ چالاککردنی مێشک چونکە دەچنە پێکهاتووی خانەکانی مێشک و کۆئەندامی دەمارەوە .

٤ . مەگنسیۆم: ڕۆڵێکی کارای هەیە بۆ باشتر کارکردنی کۆئەندامی دەمار و مێشک.

٥ . ئاسن: گرنگە بۆ دروستکردنی گەینەرەی دەمارەکان .

٦ . ‌‌زينک: ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە بۆ کارکردنی ڤیتامین (B6) .

کۆمەڵێک گژوگیا و تەواوکەری خۆراکی و دەرمان هەیە کە ڕێگری دەکەن لە شت بیرچوونەوە و بەهێزکردنی تەرکیز و توانای لەبەرکردن، بەڵام پێویستە لە ژێر سەرپەرشتی پزیشکی پسپۆڕ و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بەکار بهێنرێت .














گەلەری