سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ویستیان نییە شەڕ لەگەڵ روسیادا بکەن تەنیا بەرگری دەکەن، دەشڵێت، "رێگەی دیپلۆماسیمان دانەخستووە."
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، سزا بەسەر روسیادا دەسەپێنین، چونکە ئەمە رێکارانەی ئێستا روسیا دەستیپێکردووە سەرەتایی داگیرکردنی ئۆکرانیایە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەر هەنگاوێک کە لە ئێستادا
دەینێین بۆ بەرگریکردنە لە وڵاتانی ناتۆ و نیازی شەڕکردن و هێرشکردنە سەر روسیامان
نییە."
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاندووە، "رێگەی دیپلۆماسیمان
دانەخستووە."
هاوکات لۆید ئۆستن وەزیرى بەرگرى ئەمریکا داواى لە سەرۆکی
روسیا کرد دووربکەوێتەوە لە بژاردەى شەڕ.
دوێنێ پوتین بڕیاری سەربەخۆبوونی ناوچەکانی لوهانسک و دۆنێتسک
لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا راگەیاند، دوابەدوای ئەوە یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ و نەتەوەیەکگرتووەکانیش
سەرکۆنەی بڕیارەکەی پوتینیان کرد و سەرۆکی ئۆکرانیاش دەڵێت، وڵات بۆ کەس چۆڵناکەن.
ناوچەکانی لوهانسک و دۆنێتسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و
باشوری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بە روسی قسە دەکەن و ژمارەی دانیشتوانەکەیان نزیکەی سێ
ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەسن و لە ساڵی ٢٠١٤وە داوای جیابوونەوە دەکەن لە ئۆکرانیا.
ئێوارەی ئەمڕۆش، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، باشترین بڕیار
کە ئۆکرانیا دەبێت بیدا دەست هەڵگرتنە لە چوونە ناو ناتۆ، وتیشی، "مۆسکۆ بەردەوام
داوای ئەوەی کردوە قەیرانی ئۆکرانیا بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، بەڵام مۆسکۆ هێز بەکاردێنێت
ئەگەر پێویست بکات."