زمان و دەسەڵات
AM:11:10:21/02/2025
1708 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+
-
ڕۆژی
زمانی دایک بۆ خەباتی ساڵی ١٩٥٢ بەنگلادیش (ڕۆژهەڵاتی ئەوسای پاکستان پێش سەر بەخۆیی)
سەرچاوەی گرتووە، کە ژمارەیەک قوتابی زانکۆی داکا دژی سیاسەتی زمانی دەوڵەتی
پاکستان ڕاپەڕین، لەو ڕوداوەدا پۆلێک قوتابی بەدەستی هێزەکانی پۆلیس و سوپا کوژران
ئیتر (٢١)ـی شوباتی هەموو ساڵێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە کرایە ڕۆژی زمانی
دایک.
زمان
جگە لە ئامرازی لێکگەشتنی نێوان مرۆڤەکان ناسنامەی هەر نەتەوەیەکە، ئێمەی کورد ساڵانە
بە کۆمەڵێک چالاکی سنوردار یادی زمانی دایک دەکەینەوە، بەڵام نەمانتوانیوە ستراتیجێک
دابڕێژین بۆ کارکردن لەسەر دروستکردنی زمانی یەکگرتوو و هیچ نەبێت زمانی نووسین،
زمانی کوردی مەرجی مانەوەی کورد بوو، بۆیە دوژمنانی کورد بە بەرنامە کاریان کردووە
بۆ سڕینەوە و قەدەغەکردنی زمانی کوردی، چونکە دەیانزانی هەتا کوێ زمانی کوردی هەبێت،
هەتا ئەوێ جوگرافیای کوردستانە.
بۆیە
پێویستە دەسەڵاتی کوردی و دامەزراوەکانی تایبەت بە فەرهەنگ و ڕۆشنبیری و کوولتور
دانانی ستراتیجێک بۆ دروستکردنی زمانی یەکگرتوو بکەنە خەمی خۆیان، هەرچەندە بەداخەوە
ئەمڕۆ ئەوەی خەم نەبێ خەمی زمانە، چونکە ئەوەندە کێشەی لاوەکیان بۆ کورد
دروستکردووە مەسەلە سەرەکییەکانمان بیرچووەتەوە. بۆ نموونە بە بەشێک لە شەقامە سەرەکیەکانی
شارەکانی کوردستان گوزەر دەکەیت دەبینیت زۆربەی تابلۆی سەر دوکانەکان بە زمانی بیانی
نووسراوە، لێرەدا من ڕەگەزپەرستانە بیرناکەمەوە، بەڵام باوەڕناکەم لە هیچ وڵاتێکدا
هەبێت کە زمانی فەرمی خۆت هەبێت، بەڵام تابلۆکانی دوکان و بازاڕ بە زمانێکی دیکە بێت،
پێویستە ئەوەش ڕونبێت لامان ئەگەر دوێنێ زمان هێزی مانەوەی کورد بێت، ئەوا ئەمڕۆ هێزی
زمان هێزی گوتاری سیاسی کورد دەبێت، بۆیە پێشنیار دەکەم لە ئایندەدا دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی
هەرێم کاری جدی بۆ زمانی یەکگرتووی کورد بکات، چونکە ئێستا لە جیهاند نزیکەی ٧٠٠٠
زمان هەیە و لە سەدا چلیان مەترسی لەناوچونیان هەیە، بۆیە گرنکە دەسەڵاتدارانی
کورد بۆ داڕمان و لەناوچوونی زمانی کوردی زۆرباش کاربکەن و نەهێڵن ئەم زمانە بکەوێتە
ژێر هەژموون و کاری لە مێژینەی دووژمنەکانی کوردەوە کە دەمێک ساڵە بە بەرنامە کار
بۆ لەناوبردنی زمانی کوردی دەکەن لە کوردستانی گەورەدا. بۆمانەوەی کورد زمان دەسەڵاتە
زمان ناسنامەیە.