رۆژی ٢١ـی شوباتی هەموو ساڵێک وەک (رۆژی جیهانیی زمانی دایک) لە جیهاندا ناسێنراوە، گەلان بە رێوڕەسم و چالاکیی جیاواز زمانی دایک پیرۆز دەکەن وەک پاڵپشتییەک بۆ نوێبوونەوە و بەردەوامیی زمانی دایک.
رێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ١٩٩٩ رۆژی ٢١ـی شوباتی ھەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیھانیی زمانی دایک ناساند، ئەوەیش وەک بیرھێنانەوەیەک بۆ قوربانییانی بەنگلادیش بە رۆژی زمانی دایک دیاری کرا.
ساڵی ١٩٥٢ چی
ڕووی دا؟
ساڵی ١٩٥٢ چەند
خوێندکارێکی زانکۆی 'داکا' دژی سیاسەتی یەکزمانی و قەبووڵنەکردنی زمانی بەنگالی ناڕەزایییان
دەربڕی، کە گرژی و ئاڵۆزیی لێ کەوتەوە و لە ئەنجامدا ١١ خوێندکار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی
پاکستانەوە کوژران، ئەو ڕووداوەیش بووە هۆی ناچارکردنی پاکستان بە داننان بە زمانی
بەنگالی، ئەو ڕووداوە بووە هەوێنی کردنی ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لە
لایەن یۆنسکۆوە.
زمانی کوردی
لە ناو زمانەکانی تری جیهاندا
بەپێی ڕاپۆرتێكی
(یونسكۆ) حەوت هەزار زمان لە جیهان دا هەن، هەندێكیان بە زمانە زیندوەكانی جیهان
دانراون و هەندێكی تریان هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە، هاوکات زمانی کوردیش یەکێکە
لە زمانە زیندووەکانی جیهان و ئێستا زیاتر لە ٤٣ ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا
قسەی پێ دەکەن و بەکاری دەهێنن.
زمانی کوردی
بۆ کوێ دەگەڕێتەوە؟
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی
زمانەوانەی لە ماڵپەڕی ئەی ئاڕ کەی تایبەت بە زمانەکانی جیهان، زمانی کوردی ریشەی
دەگەڕێتەوە بۆ زمانە (هیندۆ ئەورووپی) زمانی کوردی ئێستا کۆمەڵێک دیالێکتی هەیە کە
کورد لە کوردستانی گەورە (بە چوار بەشەکەیەوە) بە زیاتر لە ٤٣ ملیۆن کورد قسەی پێ
دەکەن. زمانی کوردی بە دیاریکراوی ٧٣٥ هەزار و ٣٢٠ وشەی لە فەرهەنگە زانستی و وشەسازییەکانی جیهاندا تۆمار
کراوە بە وشەی نوێ و دەستەواژەی دووبارەنەبوو ناسێنراون. بە تێکڕاش یەک ملیۆن و
٢٢٠ هەزار وشە لە خۆ دەگرێت، کە لە دوای زمانی کۆری، بە دەوڵەمەندترین زمان دادەنرێت
لە ڕووی وشەسازی و دەستەواژەوە.
دیالێکتەکانی
زمانی کورد
١- دیالێکتی کرمانجی سەروو:
لە هەموو دیالێکتە
کوردییەکانی تر فراوانترە، چونکە کوردانی باکوور (کوردەکانی تورکیا) کە پارێزگا و
ناوچەکانی (بایەزید، وان، جۆلەمێرگ، سیعرت، مووش، ماردین، دیاربەکر، خەرپوت، ئەدیابان
و غازیان تەپە و بەشەکانی خۆرهەڵاتی پارێزگای مەرعەش و سیواس و بەشەکانی باشووری
پارێزگای ئەرەزروم و قارس، هەموویان بەم دیالێکتە دەدوێن و قسەئەکەن، هەروەها کوردەکانی
باشووری خۆرئاوای ئەرمەنستانی شوورەوی و باکوری سوریا و دانیشتوانی پارێزگای دهۆک
و زێبارو ئامێدی و سنجار و ئاکرێ، هەروەها شاری خۆی و قوتوریش دەگرێتەوە، هەروەها
دیالێکتی کرمانجی سەروو: لقەکانی (بایەزیدی، هەکاری، بۆتانی، شەمدینانی، بادینانی،
دیالێکتی خۆرئاوا) لێ دەبێتەوە:
٢- دیالێکتی کرمانجی ناوەڕاست:
لە خوار دیالێکتی
کرمانجی باکوور بەرەو باشووری درێژ دەبێتەوە، تا چەمی سیروان و شاری خانەقین کشاوە،
لە خۆرئاواشەوە تا زورگەکانی حەمرین بەرەو خۆرهەڵات دەگرێتەوە، ئەم دیالێکتە پێنج
دیالێکتی ناوچەیی تری لێ بووەتەوە کە ئەمانەن: (موکری، سۆرانی، ئەردەڵانی، سلێمانی،
گەرمیانی)
٣- دیالێکتی کرمانجی باشوور :
ناوچەکانی قەسری
شیرین و کرماشان و مەلایەرەوە بەرەو باشوور کشاوە، ئەم دیالێکتە هەموو تیرەکانی
کوردی لوڕ پێی دەدوێن بە هەموو ئەو ناوچەیەش دەڵێن لوڕستان، یان ئەم دیالێکتە
ناسراوە بە دیالێکتی لوڕ. دەکرێن بە دوو بەشەوە: لوڕی گەورە و لۆڕی بچووک، لوڕی گەورە
لە تیرەکانی بەختیاری و مامەسانی و کوهگلو پێکدێن
لوڕی بچووک یش
لە تیرەکانی دڵفان، سەلسەلە، باڵاگرێوەو، ئاماڵەن کە لە (پێش کۆه) دەژین و فەیلییەکانیش
لە (پشتی کۆ) دەژین پێکدێن.
٤- دیالێکتی گۆران:
هەر لە باکوری
رێگای نێوان قەسری شیرین – کرماشانەوە دەست پێ دەکات بەرەو باکوور کشاوە تا دەگاتە
شاخەکانی هەورامان لە خۆرئاواشەوە هەر لە سەرچاوەکانی سیروانەوە بەرەو خۆرهەڵات دایپۆشیوە
تا دەگاتە کرماشان، ئەم دیالێکتە چوار لقی لێ دەبێتەوە: (گۆرانی ڕەسەن، هەورامی،
باجەڵانی، زازایی.
زمانی کوردی
لە دەستووری عێراقدا
لە دەستوورە
پێشووەکانی عێراقدا بە دیاریکراویش لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٥ تا کاتی هەموارکردنەوەی دەستووری
عێراق بۆ ساڵی ١٩٥٨ بە هیچ شێوەیەک زمانی کوردی وەک دووەم زمانی فەرمیی عێراق دانی
پێدا نەنراوە، ئەوەیش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەقبەستوویی ناوچە عەرەبییەکەی عێراق
بەرامبەر بە کورد.
یەكەم دەستووری
عێراق بۆ زمانی کوردی
لە ناوەڕاستی
ساڵی ١٩٢٥ عێراق بە هیچ شێوەیەک باسی لە زمانی کوردی نەکردوە، لە بەرامبەردا لە
مادەی ١٧ــی دەستووری ئەو ساڵەدا هاتووە، تەنها زمانی عەرەبی زمانی ڕەسمیی عێراقە
و هیچ زمانێکی تر لە ناوخۆی عێڕاقدا نییە. بەڵام دواتر دوو جاری لەسەر یەک بە جیاوازیی
شەش مانگ پێداچوونەوە بە دەستووردا کرا سەبارەت بە زمانی ناوخۆیی عێراق، بەڵام هیچ
دەستکاریی نەکراوە و وەک خۆی مایەوە لە ساڵی ١٩٤٣ـدا ئەوەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ
ئەوەی کە لە مادەی ١٢٣دا هاتووە (عێراق بەشێکە لە وڵاتانی عەرەبی بۆیە زمانی ناوخۆیی
و فەرمی و کارگێڕی دەبێت عەرەبی بێت) لە کاتێکدا بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە
مانگی کانوونی دووەمی ١٩٣١ـدا دان بە زمانی کوردیدا نرا، وەک زمانێکی ناوخۆیی و
دووەم زمانی عێراق، بەڵام عێراق ئەوەی ڕەت کردەوە بۆ سێ جاری لەسەر یەک، تا ئەمڕۆش
ئەو زمانە لەسەر بنەمای ساڵی ١٩٥٨ کە تێیدا هاتووە (کورد و عەرەب لە خاکی عێراق
هاوبەشن و مافی زمانیان هەیە بەڵام تا ئێستا دەبێت نووسینی سەر بڕیارە کارگێڕییەکان
عەرەبی بێت و هیچ کاری پێ نەکراوە.)
میدیاکان و
پاراستنی زمانی دایک
جێی سەرنجە
تا ئەمڕۆ بەشێک لە ناوەندە هەواڵییەکانی هەرێم کە بەرکەوتەیان هەمیشە لەگەڵ هاوڵاتییاندا
هەیە، بەشێکی زۆریان هێشتا لەژێر کاریگەریی وشە بیانییەکاندا ماونەتەوە، بەتایبەت
لە پەخشی ڕاستەوخۆ و خوێندنەوەی هەواڵەکاندا، ئەوەش هۆکارێک بووە بۆ زاڵبوونی وشەی
بیانی بە شێوەیەکی زیاتر لە ناو خەڵکدا و پشتکردنەوە ئەو ڕاستییانەی کە وڵاتانی
دراوسێ چ هەوڵێک دەدەن لە لاوازکردن و بچووکردنەوەی بازنەی زمانی کوردی، ئەوەش ڕێگاخۆشکەر
بووە بۆ کەمبوونەوەی بەکارهێنانی زمانی کوردی تا ئاستێکی بەرچاودا کە بە تێکڕا ڕێژەی
زمانبێژی کوردەکان زیاتر لە ٤٥ ملیۆن لە کاتێکدا دەبوو زیاتر بێت لە ٥٣ ملیۆن کورد.