سەردێڕ:

بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی پەرۆشی بنیادنانی ھێزێکی کوردستانی یەکگرتووە

PM:10:15:22/02/2022

6212 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "بەردەوامن لە رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و یەکێتی پەرۆشی بنیادنانی ھێزێکی کوردستانی یەکگرتووی پڕچەک و راھێنراوە."


نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، هاوسەرۆکی یەکێتی لە دەباشان پێشوازیکردووە لە شاندێکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتی کۆڵۆنێل تۆد بورۆ.

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکردووە، بەردەوامن لە رێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بەھەنگاوێکی نیشتمانی دەزانن، دەشڵێت، "یەکێتی پەرۆشی بنیادنانی ھێزێکی کوردستانی یەکگرتووی پڕچەک و راھێنراوە لەسەر بنەما و زانستی سەربازی سەردەم."

لە هەرێمی کوردستان جگە لە هێزەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ بوونیان هەیە کە سەر بە پارتی و یەکێتین، سەرەڕای ئەوەی چەندینجار باس لە یەکگرتنەوەی تەواوەتی هێزەکان کراوە، بەڵام تا ئێستا هەنگاوی جددی بەو ئاڕاستەیە نەنراوە.

چاکسازی نەکردن لە وەزارەتی پێشمەرگەدا هاوپەیمانانی نیگەرانکردووە و بە بەرپرسانیان وتووە، کە لە ئەگەری ئەنجامنەدانی چاکسازی هاوپەیمانان هاوکارییەکانیان بۆ پێشمەرگە دەوەستێنن.

لە درێژەی قسەکانیدا هاوسەرۆکی یەکێتی باسی لەوەشکردووە، "مەترسی تیرۆر کۆتایی نەھاتووە و لەھەموو کات زیاتر لەم کاتانەدا کە دۆخی سیاسی ناجێگیرە پێویستمان بە ھاریکاری و کاری ھاوبەش ھەیە لەنێوان ھێزی پێشمەرگە، ھێزە عێراقییەکان و ھاوپەیمانان تا بتوانرێت بە ستراتیژێکی نوێی سەربازی ھەڕەشەکان دووربخەینەوە و بۆشاییە ئەمنییەکان پڕبکەینەوە، چونکە ئەگەر ئەمە نەکرێت ئارامی و ئاسایشی خەڵک لە ھەندێک ناوچە دەکەونە مەترسییەوە."

May be an image of 7 people, people sitting and indoor













گەلەری

‌بەپەلە