سەردێڕ:

ئەردۆغان بۆ سەرۆکی ئۆکرانیا: نابێت خاکی ئۆکرانیا پارچە پارچە بکرێت

PM:05:40:22/02/2022

8800 جار خوێندراوەتەوە

کاردانەوەکانی دوای بڕیارەکەی سەرۆکی روسیا بۆ داننان بە سەربەخۆی دوو ناوچەی لوهانسک و دۆنێتسکی سەر بە هەرێمی دۆنباس بەردەوامە، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا بڕیارەکەی پوتین رەتدەکەنەوە.


نوێنەری کاربەڕێکەری کاروبارەکانی ئەمریکا لە روسیا ئاشکرایکرد، لە ئێستادا سەربازی روسی لە هەرێمی دۆنباس و ناوچەکانی لوهانسک و دۆنێتسک هەن، دەشڵێت، هەڵسوکەوتەکانی پوتین هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی گشتی.

بڕیارە ئەمڕۆ ناتۆ لەگەڵ شاندێکی ئۆکرانیادا کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی وەرگرتنی ئۆکرانیا لە ناتۆ و قەیرانەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ روسیا.

ئەمڕۆ هەریەک لە سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی ئۆکرانیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و ئەردۆغان وتی، کە ئەوان دژی ھەر بڕیارێکن کە یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا بکاتە ئامانج.

لای خۆشییەوە، وەزارەتی دەرەوەی روسیا ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا هیچ نیازێکیان نییە بۆ ناردنی هێزەکانیان بۆ رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

ناوچەکانی لوهانسک و دۆنێتسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و باشوری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بە روسی قسە دەکەن و ژمارەی دانیشتوانەکەیان نزیکەی سێ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەسن و لە ساڵی ٢٠١٤وە داوای جیابوونەوە دەکەن لە ئۆکرانیا.

یەکێتی ئەوروپاو ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکانیشسەرکۆنەی بڕیارەکەی پوتینیان کرد و سەرۆکی ئۆکرانیاش دەڵێت، وڵات بۆ کەس چۆڵناکەن.













گەلەری

‌بەپەلە