وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی رازی بوونی رووسیا بە دانوستان و ئاگربەست لەوانەیە لەماوەکانی داهاتوودا سزاکانی سەر روسیا کەمبکرێنەوە و لەسەریان ئاسان بکرێت.
ئەمڕۆ هەینی ٢١ـی شوباتـی ٢٠٢٥، سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی بلۆمبێرگ باسی لەوەکرد، ئامادەیی رووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی ئەوان لە سەپاندنی
سزاکان بەسەر رووسیا فشارکردنە سەری بووە بۆ رازیبوون بە دانوستان و ئاگربەست تاوەکو
کۆتایی بە جەنگ بهێنێت لەگەڵ ئۆکرانیا.
ئەوەشی خستەڕوو، بۆ زیاتر فشار خستنەسەر رووسیا
ویستویانە پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئۆکرانیا بەهێزتر بکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ وتەبێژی کۆشکی کریملن رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا ئامادەی
گفتوگۆیە لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش وتی، پێش کۆتایی ئەم
مانگە لەگەڵ پوتیندا لەسەر ئاگربەستی ئۆکرانیا کۆدەبێتەوە.