سەردێڕ:

دادگای فیدڕاڵی لەبارەی چۆنێتی هەڵبژاردنی کەمایەتییەکان بڕیارێکی دەرکرد

PM:03:22:22/02/2022

5148 جار خوێندراوەتەوە

دادگای فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، شێوازی نوێنەرایەتی کردنی پێکهاتەکانی ئێزدی، شەبەك و كوردی فەیلی لە پەرلەمانی عێراق نادەستورییە.


ئەمڕۆ سێشەممە، دادگای باڵای فیدڕاڵی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەمەبەستی كاراكردنی رۆڵی نیشتمانی و هێنانەدی یەكسانی و پارێزگاری لە یەكێتیی نیشتمانی بۆ پێكهاتەكانی ئێزدی، شەبەك و كوردی فەیلی، بڕیاریداوە بە نادەستووریبوونی شێوازی نوێنەرایەتی ئەو پێكهاتانە لە پەرلەمانی عێراق.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی دادگای فیدڕاڵیداهاتووە، پێویستە شێوازی نوێنەرایەتی ئەو پێکهاتانە یەکسانییان لەگەڵ پێکهاتەکانی کریستیان و سائبییەکان بکرێت.

پێكهاتانەکانی ئێزدی و شەبەک و کوردی فەیلی كورسی كۆتایان لە پارێزگاكانی دهۆك و نەینەوا و واست هەیە و دەنگدان پێیان لە چوارچێوەی ئەو پارێزگایانەدا دەبێت.

هاوکات، بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەبێت یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە و دەنگدان بە نوێنەرانی پێكهاتەكان لە سەرتاسەری عێراقەوە هاوشێوەی دەنگدان بە نوێنەرانی مەسیحی و سائبی بێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، سێشەممەی رابردوورێکەوتی ١٥ی ٢ی ٢٠٢٢ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارێكی لەبارەی نادەستووری بوونی یاسای نەوت و غازی هەرێم و رادەستكردنی نەوت و كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی بە حکومەتی فیدڕاڵی دەركرد.













گەلەری

‌بەپەلە