لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا کاریگەرییان لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت داناو بەهۆیەوە نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە ٩٩ دۆلار و ٢ سەنت. بەمەش لە ئەمڕۆدا دوو دۆلار و ٢٧ سەنت بەرزبووەوە کە پێشتر هەر ئەمڕۆ سێ دۆلار و ٤٧ سەنت بەرزببووەوە.
هاوکات، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکی ٩٦ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەمەش بەراورد بە نرخی سەر لەبەیانی نرخەکەی دوو دۆلار و ١٤ سەنت بەرزبووەتەوە.
زیادبوونی گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا کاریگەرییان
لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکان هەیە.
وڵاتانی رۆژئاوا، ئیدانەی بڕیارەکەی رووسیا بۆ راگەیاندنی
سەربەخۆیی هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک دەکەن.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کە شەوی
رابردوو لەسەر پرسی رووسیا-ئۆکرانیا کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجام دا، ئەوەی راگەیاند
کە گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا گەیشتوونەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار و پێویستە
بە هەر شێوەیەک بووە رێگری لە پێکدادانی گەورەتر بکرێت.
لە دوای بڕیارەکەی رووسیاش بەهۆی زیادبوونی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکانەوە،
نرخی نەوت بەخێرایی بەرزبووەوە لە ئەگەری زیادبوونی گرژییەکانیشدا ئەگەری هەیە هەناردەکردنی
نەوت و غازی سروشتی رووسیا سنووردار بکرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خستنەبازاڕی
سووتەمەنی.