وەزارەتی دەرەوەی سوریا رایگەیاند، پشتیوانی تەواوی بڕیارەکەی سەرۆکی روسیا دەکەن لە دانپێدانانەکەیدا لەبارەی سەربەخۆبوونی هەردوو هەرێمی دۆنتیسک و لۆگانسک لە خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا.
ئەمرۆ سێشەممە، فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریا لە چاورچێوەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ڤاڵدای لە مۆسکۆ رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتیوانی بڕیارەکەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا دەکات لەبارەی دانپێدانانی سەربەخۆبوونی هەردوو هەرێمی دۆنتیسک و لۆگانسک لە خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی خۆرئاوا لە دژی روسیا دەیکات
هاوشێوەی ئەو هەنگاوانەبوون کە لەماوەی شەڕی ناوخۆی سوریا بەرامبەر وڵاتەکەی هەمان
هەنگاویان گرتبەر و دژایەتییان کرد.
وەزیری دەرەوەی سوریا ئاماژەی بەوەشدا، "سوپای داگیرکاری
ئەمریکا و میلیشیا جوداخوازەکان پێکەوە بەردەوامن لە بردنی سامانی گەلی سوری
لەگەنم و نەوت".
دەشڵێت، "ئەمریکا و خۆرئاوا بەردەوامن لە پشتیوانی
کردنی تیرۆر و ئەمەش بووەتە هەڕەشە و مەترسی لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست".
ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی
روسیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی وتارێکی پێشکەشی گەلی روسیا
کرد و تیایدا دانینا بەسەربەخۆیی هەردوو هەرێمی دۆنتیسک و لۆگانسک لە خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا
و ئەمەش کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا. لەیەکەم کاریگەرییە ئابورییەکانی
ئەم بڕیارەی روسیاش، بەهای رۆبڵی روسی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی یۆرۆ بەشێوەیەکی بەرچاو
دابەزی.