سەردێڕ:

قەبارەی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٦ ئاشکرا دەکرێت

PM:02:49:19/11/2025

556 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری دەڵێت، داهاتی بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ لە بودجەی ئەمساڵ نزیک دەبێت کە ٢٠٠ تریلیۆن دینارە و دەشڵێت، داهاتەکان لە ساڵی داهاتووشدا، بەشی تەواوی خەرجییەکان دەکات و هیچ کورتهێنانێک درووست نابێت بۆ مووچە و پڕۆژەکان.


ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری لە لێدوانێکدا وتی، عێراق یاسای بودجەی سێ ساڵەی هەیە، بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ ، بەپێی یاساکەش بودجەی عێراق لەو ماوەیەدا، لە بەرزترین ئاستی ساڵانەیدا دەگاتە ٢٠٠ تریلیۆن دینار بەڵام ساڵانە زیاتر لە ٦٠ تریلیۆن دیناریش کورتهێنانی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، یاسای بودجەی ئەمساڵ بەشێوەیەکە، داهاتەکان بەشی سەرجەم خەرجییەکانی تا کۆتایی ساڵ دەکات، لەوانەش مووچە و پڕۆژەکان و پارەی وەبەرهێنان.

ئاماژەی بەوەشدا، سەرەڕای ئەوەی تائێستا وەزارەتی دارایی دەستی بە ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ نەکردووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت رێژەی داهاتەکانی ساڵی داهاتوو لە داهاتەکانی ئەمساڵ نزیک بێت.
هاوکات، بەگوێرەی یاسا لە ئەگەری نەبوونی یاسای بودجە، لە ساڵی ٢٠٢٦ـدا دەوڵەت دەتوانێت لە خەرجکردنی مووچە، پڕۆژە خزمەتگوزارییە گرنگەکان و پڕۆژە ستراتیژییەکان بەردەوام بێت.













گەلەری