خەباتی دوێنێ و نیشتمانی ئەمڕۆ؛ داهاتووی
نیشتیمان لەبەردەم هەڕەشەدا
AM:11:02:15/11/2025
660 جار خوێندراوەتەوە
فەرمان محەمەد
+
-
پرسیارێک لە
ناخی نیشتمانەوە بۆ ئێستای کوردستان! بەرەو کوێ هەنگاودەنێین؟
کاتێک وشەی
خەبات دێتە گۆڕێ، گیانمان دەهەژێت بەوێنەی شکۆمەندیی قوربانیدان، ڕۆحی
لەخۆبوردوویی شەهیدەکان و فرمێسکی پیرۆزی دایکان. ئەم خەباتە نەک تەنیا بۆ ڕزگاری
خاک، بەڵکوو بۆ بنیاتنانی نیشتمانێک بوو، کە تێیدا ئازادی، یەکسانی و شکۆی مرۆڤ
بنەما بن. ئومێدێک هەڵگیرسێندرا، کە سبەینێیەک بێتە کایەوە، هەموو هاووڵاتییەک
خاوەنی پێگە و مافی خۆی بێت، ژیانێکی شایستە بژێت، بەهرە و تواناکانی ببێتە بەشێکی
گەورە لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا. بەڵام ئایا ئەمڕۆ گەیشتووینەتە ئەو بەڵێنە مەزنە؟
ئایا خەباتەکەمان بۆ درووستکردنی وڵاتێک بوو، کە تێیدا ئاوەز، ژیری و داهێنەریی
پەراوێز بخرێن، لە کاتێکدا کەسی بوودەڵە، ناشایستە و بێبەرهەم ببنە خاوەن و
میراتگری؟
لەکوێدا
هەڵەمانکرد؟ نایەکسانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، خراپبەکارهێنانی پلە
و داهاتی گشتی، لەگەڵ نەگۆڕانی عەقڵیەتی شاخ و تێکەڵکردنی لەگەڵ شاردا، سەرچاوەی
قەیرانەکانن. ڕۆڵی نوێی ناوچەیی، سیستەمە لاوازەکانی سیاسی و ئابووری، وایانکردووە
پێشکەوتن پشتگوێ بخرێت و وڵات بەرەو داهاتوویەکی نادیار بڕوات. دۆخێک کە گرنگی بە
شتە لاوەکییەکان دەدرێت و بنەما سەرەکییەکان پشتگوێ دەخرێن.
کچە مۆدێل و
کوڕە مۆدێل؛ ژەهرێک بۆ جەستەی کۆمەڵگە: ئەمڕۆ، لە
قۆناغێکی چارەنووسسازداین، کە پرسیارەکان تێیدا وەک ڕووبارێک دەڕژێن و خەمی
داهاتوو لە ناخماندا قوڵ دەکەنەوە. گەنجانی خاوەن بڕوانامەی باڵا، پسپۆڕانی
جیاواز، ئەوانەی ساڵانێکی درێژی ژیانیان بە خوێندن و فێربوون بەخشی، ئێستا
لەبەردەم دەرگەی داخراوی بێئومێدیدان. زانکۆکانمان، کە دەبوو سەرچاوەی وزە و
داهێنان بن، کە ساڵانە هەزاران دەرچوو دەنێرنە ناو کۆمەڵگە، بەڵام بەداخەوە هیچ
هەلێکی ڕاستەقینەیان پێ نادرێت، بۆ ئەوەی خزمەتی وڵاتەکەیان بکەن و گۆڕانکاری
ڕیشەیی درووست بکەن، هەر بۆیە وڵات لەڕووی بووژانەوەوە، پەکی کەوتووە، چونکە گەنج
سەرمایە و وزەی ئەو بەرەوپێشچوونەیە، کە پێشکەوتن و گۆڕانکاری دێنێتەکایەوە.
لە پاڵ ئەوەدا،
کە دەنگی جیاواز و توانای ئاییندە، کە گەنجەکان، وەلاوەخراوە و گەنجانی خاوەن
بڕوانامە و داهێنەریان بە (کچە مۆدێل و کوڕە مۆدێل) گۆڕیوەتەوە. دیاردەی هەڕمێندان
بە کچ و کوڕە مۆدێلەکانی سەرشاشە و پێوەراندنیان بە بەرەوپێشەوەچوون و گەشەی
ئابووری، وایکردووە، کە وەستاویی و بێگوڕوتینییەک بکەوێتە کۆمەڵگەی کوردستان و لە
بەرەوپێشچوون لە تەواوی بوارەکانی ژیاندا پەکی بخات.
بۆیە کە یەکەم
پرسیارمان نییە و دوا خەم و خەونیشمان نابێت، بۆ بەرەوپێشچوون و بوون بە خاوەنی
داهێنانی تایبەت لەم وڵاتەدا، دەپرسین: ئاخۆ هۆکارەکانی ئەم وەرچەرخانە
کۆمەڵایەتییانە چین و کاریگەریی ئەم دیاردەیە لەسەر داهاتووی وڵات چییە؟ چۆن
دەتوانین ئاوەز بکەینەوە هاوڕێ و زانست چرای دەستمان بێت؟
لە بەرانبەر ئەم
دیمەنە خەمناکەدا، دیاردەیەکی نامۆ و وەک ژەهرێکی کوشندە بەناو جەستەی کۆمەڵگەدا
بڵاو بووەتەوە. چینێک لە کەسانی دەستوپێسپی، ئەوانەی تەنیا خۆیان و ژیانی ڕەفاهی و
ڕووکەش گرنگە لە لایان، وەک سیمبولی سەرکەوتن و گەشەسەندن نمایش دەکرێن. ئەوان
بوونەتە خاوەنی هەموو ئیمتیازاتەکان: پارەی خەیاڵی، ئۆتۆمبێلی گرانبەها، سامانێکی
زۆر، پاسەوانی تایبەت و هەلپێدانیان تا ببنە ڕۆڵگێڕی سەرەکی.
ئەم دیاردەیە
تەنیا ڕووکەش نییە، بەڵکوو نیشانەی کێشەیەکی قووڵترە لە کۆمەڵگەدا. ئەم دیاردەیە
دەبێتە هۆی شێواندنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەریی لەسەر گەنج و پەروەردە
دادەنێت. چونکە پەروەردەکردنی گەنج لە ئەستۆی دامەزراوەیەکی تەندرووست و فێرکەردا
دەرهێندراوە و خستراوەتە ئەستۆی خەمخۆرانی ئەم دیاردەیە، کە هاوکات و ڕاستەوخۆش
ڕۆڵی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە ئامادەکردنی ئەم گەنجانەدا، سازێندراو و
ئامادەکراوە.
پرسیارە
سەرەکییەکان: ئایا مۆدێلکردن دیاردەیەکی کاتییە یان کێشەیەکی بەردەوام؟ چۆن
کاریگەری لەسەر پێکهاتەی خێزان و بەهاکان دادەنێت؟ ڕۆڵی دەستەڵات و دامەزراوە
پەروەردەیییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیەدا چییە؟
ئەرێ بەڕاست
ئەمە خەباتی ئێمە بوو؟
بەدڵنیاییەوە
نەخێر ئەمە خەباتی ئێمە نەبوو! ئەمە ئەو
نیشتمانە بوو، کە شەهیدەکانمان خوێنی پاکی خۆیانی لە پێناویدا بەخشی؟ ئایا دەیان
هەزار قوربانی بۆ ئەوە بوو؟
بەراوردێک لە
نێوان ئامانج و هیواکانی شۆڕش و خەباتی ڕابردوو بۆ نموونە، ئازادی، یەکسانی،
کەرامەت، بنیاتنانی وڵات و واقیعی ئێستای کوردستان. لە قوربانیدانی شەهیدان و
ئازارەکانی گەل ئایا بەرهەمی ئەو قوربانیدانە ئەوەیە کە ئێستا دەیبینین
ئایا بەهاکانی
شۆڕش لەبیر کراون؟ چۆن دەتوانین پەیوەندییەک لە نێوان خەباتی ڕابردوو و
پێداویستییەکانی ئێستادا دروست بکەین؟
با پرسیارێکی
بنەڕەتی بکەین: ئایا هیچ گەل و نەتەوە و وڵاتێک بە نمایشی کچ و کوڕە مۆدێل
گەیشتووەتە لووتکەی پێشکەوتن و داهێنان؟ بەڕاستی مێژووی
هیچ وڵاتێکی پێشکەوتوو و بەهێز بەم شێوەیە نانووسرێتەوە.
پێشکەوتن بە
بیرمەند، زانا، داهێنەر، و گەنجانی خاوەن عەقڵ و بەهرە دروست دەبێت، نەک بە ڕووکەش
و پووچگەرایی. بۆچی لە جیاتی ئەوەی ڕۆڵ بەم دیاردە پووچانە بدرێت، ڕۆڵ نەدرێتە
گەنجە داهێنەر و بیرمەند و بەهرەمەندەکانمان بۆ پێشخستن و داهێنان و گۆڕانکاری
ڕاستەقینە؟
ئەمە قسەی
نیشتمانە:پابەندبوونێکی نیشتمانی قوڵ بۆ خاک و گەلەکەی، بۆ داهاتوویەکی پڕشنگدار! چیتر کاتی
نمایشکاری و هەڵپەرستی نەماوە. ئەوانەی تەنیا خەمی گیرفان و زگیانە و باکیان بە
نیشتمان نییە، دەبێت بخرێنە دواوە و پەیژەی پێشەنگایەتییان لێ بسەندرێتەوە. ئێستا
کاتی ئەوەیە، بە ڕۆحێکی هۆشیار و بوێرانە، گەلەکەمان زیندوو بکەینەوە؛ گەنجانی پڕ
لە هیوا و وزە، زانایان و مامۆستایانی دڵسۆز، دەبنە مەشخەڵی ڕێگەکەمان. پێویستە
دەستبەجێ، بێ سێ و دوو، بە نەخشەڕێگەیەکی ستراتیژی و گشتگیر، هەموو ئاستەنگ و
ناڕەواییەکان تێپەڕێنین. قۆناغێکی نوێی بنیاتنانی نیشتمانیدا بەشداری بکەین، بۆ
ئەوەی خزمەتی گەلەکەمان بکەین و شکۆمەندی بۆ وڵاتەکەمان بگەڕێنینەوە. با خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر پێشەنگ بن و
پێکەوە، ئەم وڵاتە بکەینە لانەی شکۆمەندی و سەروەری. تەنیا بە یەکڕیزی، لێبڕان و
پاکی دەتوانین هەمووان بەیەکەوە بژیین و گەشە بکەین.