سەردێڕ:

کورسی کۆتا و کەرکوک

PM:12:51:16/11/2025
628 جار خوێندراوەتەوە
مەلا فەرمان
+ -

سێ پێکهاتە کاریگەرەکەی سەر رێڕەوی سیستەمی حوکمڕانی لە عێراق: کورد ، سونە و شیعە لە ململانێیەکی زۆر قوڵ و توندان، لە ناو خودی هەرسێ پێکهاتەکەش ململانێکە توندتر دەبیندرێت.ململانێ و ناکۆکی مەزهەبی لە مێژینەی نێوان شیعە و سونە لە دوای ٢٠٠٣ جێپەنجەی بە رونی بە سیستەمی حوکمڕانیەوە دیارە، ئەمە و ململانێ لەسەر داهات، دەسەڵات و نەبونی پرۆژەیەکی هاوبەشی نیشتمانی وڵاتی توشی دەیان دەردەسەری کردوە، زۆر کاریگەری نەرێنی کردۆتە سەر جومگەکانی ژیان.

بەڵام لە عێراق هاوشێوەی هەرێمی کوردستان ململانێ و ناکۆکیەکان هێشتا دامەزراوەکانی حکومەت و پەرلەمانی پەکنەخستووە، موخابن لە هەرێمی کوردستان، پێچەوانەی بەغدا، رکابەریەکان چەند ساڵێکە زۆر توندتر بوە، ئەو ململانێ و ناکۆکیەی بە هۆکاری نوێ لە نێوان هەرد و حیزبی خاوەن دەسەڵات سەری هەڵدا و خەرمانی ناکۆکیەکانی ٦٠ ساڵەی نێوان ئەم دو حیزبەی بەرزترکرد.

دوای بەئاگاهاتنی یەکێتی نیشتمانی لە خراپ بەکارهێنانی کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان و پێی وابو هۆکاری خۆسەپاندنی رکابەرەکەیەتی لە هەولێر و تێپەڕاندنی هەمو ئەو پرۆژانەیە لە بەرژەوەندی پارتیە لە پەرلەمان.

لێرەوە بە هۆی چەند کورسیەکەوە درزی نێوان ئەم دو حیزبە زیاتر گەورەبوو، ئەمەش بووە هۆی:-

١- پەکخستنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان.

٢- پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان.

٣- پەکخستنی دامەزراندنی کابینەی حکومەت لە بوونی بۆشایی یاسایی و دەستوری لە هەرێم.

بەدور نابیندرێت دوای ساڵێک لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دروستنەبونی کابینەی حکومەت، بارودۆخەکە پەلبکێشی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان، کاریگەری نەرێنی پرسی کۆتا هەر بە هەرێمەوە نەوەستاوە، بەڵکو پەلی هاویشتوە بۆ سەر کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان.

دیارترین کاریگەرییان:-

١- کەمکردنەوەی کورسی کورد لە کەرکوک بۆ کەمتر لە نیوە، لە دروستبونی دەوڵەتی عێراقەوە بۆ یەکەم جارە رێژەی نوێنەری کورد بەم کەمیە ببیندرێت، لە کاتێکا ژمارەی دەنگە سوتاوەکانی تورکمان و عەرەب دوهێندەی دەنگە سوتاوەکانی کوردە.

٢- لە دەستدانی یەکێتی کورسیەک لە دیالە، پارتی توانی هەرسێ کورسی کۆتا بۆ خۆی دەستەبەرکات، لە دەستدانی کورسیەکی کورد لە تازە خورماتوو، راستە ئەگەری گەڕانەوەی هەیە، بەڵام لە دەستی کەسی تردایە.

٣-نەسازان لە گەڵ یەکتر و بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ هەندێ لایەنی دەرەوەی پێکهاتەی کورد، زیانگەیاندن بە کەرکوک و قوڵبونەوەی زیاتری ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی کورسی کۆتا، وابەستەیی نوێنەرانی ئەو پێکهاتانە دەردەخەن بەو دو حیزبەوە.

جگە لەوەی ئەم شێوە پشتیوانیە نەک تەنها کاریگەری لەسەر کەسایەتی کاندید دەکات بەڵکە رەنگ و قەوارەی خودی پێکهاتەکەش وەک خۆی دەرنەکەوێ و بکەوێتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە باشتروایە لە داهاتودا هاوشێوەی هەر هاوڵاتیەک وەک ئەندام و کادری حزبی لە لستی هەڵبژاردندا جێیان بکرێتەوە و دەنگیان پێبدرێت.

لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە نوێنەرایەتیە بووەتە هۆی زیاتر قوڵبونەوەی ناکۆکیەکان، بۆیە باشترە جارێکی تر چاو بە یاسا و سیستەمی کۆتا بخشێنرێتەوە.

گەلەری