وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، بڕی یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن ستیکەری تەندروستییان داوە لەو دەرمانانەی کە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە هاوردە دەکرێن و دەشڵێت، لە دوو ساڵدا رێژەی ئەو دەرمانانەی ستیکەریان لەسەرە لە ٪٣٠ بۆ ٪٧٠ بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق وتی، دوای رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران و بەپێی پلانێک بۆ رێکخستنی کەرتی دەرمان، هەوڵدەدەن رێژەی لێدانی ستیکەر بگەیەننە ٪١٠٠.
ئاماژەی
بەوەشکرد، رۆژانە چاودێری پابەندبوونی دەرمانخانەکان دەکەن ، لەلایەن تیمەکانی چاودێری لە فەرمانگەکانی پشکنین، لایەنە
ئەمنییەکان و سەندیکای دەرمانسازان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە، بۆ دانانی
ستیکەرەکان.
سیستمی
ستیکەر، زانیاریی ورد لەبارەی نرخی فەرمی، سەرچاوە، کاتی بەسەرچوون و وردەکاریی
دیکەی تەکنیکیی دەرمانەکە لەخۆدەگرێ.
وەزارەتی
تەندروستیی عێراق ئەم سیستەمە بە یەکێک لە سیستەمە پەسندکراوەکانی جیهان دادەنێت،
بۆ رێکخستنی بازرگانیی دەرمان و دەڵێت، سەلامەتیی بەرهەمەکان مسۆگەردەکات و
متمانەی هاووڵاتی بە دەرمان زیاد دەکات و رێگری لە دەستکاریکردنی نرخ دەکات.
هاوکات، سیستمی
ستیکەر زانیاری تەواو لەبارەی نرخی فەڕمی و کاتی بەسەرچوون و وردەکاری تەکنیکی
دەرمانەکە لەخۆدەگرێت.