کەشناسی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی وت، كۆی گشتی رێژەی باران بارینی ئەمساڵ ٣٦.٦ میلیمەترە و بەراورد بە ساڵی پار بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، هاوکات بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم، زۆرترین باران لە سنووری پارێزگای هەولێر باریوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی وت، ساڵی پار لەم کاتانەدا کۆی گشتی بارانبارین ٩٢.٢ ملم بووە و ئەمساڵیش لە ٢٤ كاتژمێڕی رابردوودا ٣٦.٦ ملم باران باریوە، بەراورد بە ساڵی پار بە شێوەیەکی بەرچاو ئەو رێژەیە دابەزیوە.
کەشناسی
سلێمانی باسی لەوەشکردووە لە کۆی گشتی رێژەی بارانبارین لە سنووری پارێزگاکە ٢٤.٤
ملم باریوە.
هەروەها، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم بڕی بارانبارینی ٢٤
کاتژمێری رابردووی بڵاوکردووەتەوە و ئەوە هاتووە کە زۆرترین بڕى بارانبارین لە نازەنین
سەر بە سنووری پارێزگای هەولێر باریوە بە بڕی ٣٥.٥ ملیمەتر.
هاوکات، لە تەكیە
بە بڕى ٣١.٦ ملیمەتر باران باریوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە بەرامبەردا لە
سەنتەری دهۆك تەنها حەوت ملیمەتر باران باریوە و لە کەرکوک ٩.٨ میلیمەتر
تۆمارکراوە.
هەر بە پێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی راپەرینەوە
بۆ ئێن ئاڕ تی نێردراوە، بەرزترین رێژەی بارانبارین لە سنووری راپەرین لە
ناوچەی سەروچاوە بە ٦٤.١ بەملم تۆمارکراوە و لە ساڵی رابردوو لەو ناوچەیە
رێژەی بارانبارین ٢١.١ ملم بووە و نزیکەی ٤٣ ملم زیادی کردووە؛ هەروەها لە سنووری قەڵادزێ ٣.٥ ملم باران باریوە و نزمترین رێژەیە لە سنوورەکە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی هۆبەی کەشناسی هەڵەبجە، لە سنووری سیروان و هەڵەبجە بە بڕی ٣٩.٤ ملم باران باریوە و ئەمەش بەرزترین رێژەی تۆمارکراوە لە سنوورەکە.