PM:09:39:12/11/2025
2688 جار خوێندراوەتەوە
نەوەی نوێ لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵک و ئێمەش نەبوو، ئەگەر سەرۆکی نەوەی نوێیان دەستگیرنەکردایە ئەوە هەرگیز دەسەڵات ئەم ئەنجام و پلانەیان بۆ نەدەچووەسەر، دەشڵێت، "دڵنیابن هەرچەند کورسییمان هەبێت و لەهەرکوێیەک بین، ئەوە لەگەڵ خەڵک و لەبەرەی خەڵکدا دەبین و کاری جدیی بۆ چارەسەرکردنی کيشەکانیان دەکەین".
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ دەنگ و متمانەی هاوڵاتیانی بەڕێز و هەموو خۆبەخشانی نەوەی نوێ دووپات دەکەینەوە و دڵنیابن هەرچەند کورسییمان هەبێت و لەهەرکوێیەک بین، ئەوە لەگەڵ خەڵک و لەبەرەی خەڵکدا دەبین و کاری جدیی بۆ چارەسەرکردنی کيشەکانیان دەکەین و هەرگیز پشت لە هاوڵاتیان ناکەین و متمانەیان لە دەست نادەین".
لە
راگەیەندراوەکەدا جوڵانەوەکە جەختدەکاتەوە، لەسەر هەمان
بیروڕا و پرەنسیپی کارکردنی خۆی کەدیفاعکردنە لەخەڵک بەردەوام دەبێت و سازش لە هیچ
یەکێک لەو پرەنسیپانە ناکات کە بڕوای پێیانە و کاریان بۆ دەکات لەپێناو خۆشگوزەرانیی
خەڵک و بەرگریکردن لە مافەکانیان.
دەشڵێن، سەرباری
هەموو ئەوانە، هێشتا پێمانوایە هەڵبژاردن و بەشداریی زۆری هاوڵاتیانی ناڕازیی و بەشخوراو
باشترین رێگایە بۆ گۆڕانکاریی و درووستکردنی فشار بۆسەر دەسەڵات و باشکردنی ژیانی
خەڵک.
ئاماژە بەوەشکراوە، "وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن دڵنیاین کە زوڵم و زۆر بۆ هیچ هێز و کەسێک ناچێتە سەرو
لەسەر کارکردنی شێلگیرانەشمان بۆ گەیشتن بە لوتکەی دەسەڵات بەردەوام دەبین".