سەردێڕ:

کۆمسیۆن: هەڵبژاردن بە سەرکەوتووی و شێوازێکی زۆر ئاسان بەڕێوەدەچێت

PM:04:59:11/11/2025

1288 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی ئەنجومەنی کۆمسیاران و لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، پرۆسەی هەڵبژاردن بە سەرکەوتوویی و شێوازێکی زۆر ئاسان بەڕێوەدەچێت، دەشلێت، "سیستم و رێساکان هەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر حاڵەتێکی پێشێلکاری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا".


ئەمڕۆ سێشەممە ١١ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، عەباس فەتلاوی، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران و لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکان وتی، "پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراقدا بەپێی ئەو پلانانە بەڕێوەدەچێت کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە داڕێژراون رێکارەکان بە شێوازێکی زۆر ئاسان و رێکخراو بەڕێوەدەچن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئامێرەکان بە کارایییەکی زۆرەوە کار دەکەن و بەشداریکردن لە کاتژمێرەکانی سەرەتای رۆژی دەنگداندا نیشانەیەکی ئەرێنییە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن."

فەتلاوی باسی لەوەشکردووە، "تا ئێستا هیچ پێشێلکارییەک تۆمار نەکراوە، دووپاتیشی کردەوە "سیستم و رێسای روون هەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر حاڵەتێکی پێشێلکاری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا".

فەتلاوی دووپاتی کردەوە، "ئەنجوومەنی کۆمسیاران ئامادەیە ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بگرێتەبەر لە کاتی روودانی هەر پێشێلکارییەک."

پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە دەستیپێکرد، نزیکەی ٢١ ملیۆن دەنگدەر لە کۆی نزیکەی ٤٦ ملیۆن هاووڵاتی عێراقی مافی هەڵبژاردنی ٣٢٩ نوێنەریان هەیە بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، زیاتر لە حەوت هەزار کاندید لە هەردوو رەگەز، کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمان دەکەن.













گەلەری