سەردێڕ:

دەزگای ئاسایشی عێراق: به‌ تەكنەلۆژیایه‌كی نوێ پرۆسەی هەڵبژاردن ده‌پارێزرێت

PM:05:33:09/11/2025

1144 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ده‌ڵێت، بۆ هه‌ڵبژاردنى ئێستاى په‌رله‌مان تەكنەلۆژیایه‌كى نوێیان به‌كارهێناوه‌ بۆ پاراستنی پرۆسەكه‌، كه‌ له‌رێگه‌ى پڕۆگرامێكی ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌ كارى پێده‌كرێت.


ئەمڕۆ یەكشەممە ٩ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، ئەرشەد حاكم، وتەبێژی فەرمی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق وتی، دەزگاكە بەردەوامە لە جێبەجێكردنی ئەركە هەواڵگرییەكانی لە چوارچێوەی پلانی دڵنیابوون لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠٢٥، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان و ئاژانسەكانی هەواڵگری، بە ئامانجی مسۆگەركردنی ژینگەیەكی هەڵبژاردنی سەلامەت و جێگیر لە سەرانسەری وڵاتدا.

وتیشی، "ئەركەكانی دەزگاكە بریتییە لە پاراستنی سەنتەرەكانی دەنگدان و پاراستنی كۆگاكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، جگە لە یاوەریكردنی ئەو مەفرەزانەی كە ئەركی گواستنەوەی سندوقەكانی دەنگدانیان لە ئەستۆدایە دوای تەواوبوونی دەنگدان، هەروەها پاراستنی وێستگەكانی كارەبا و ئامێرەكانی كامێرا بۆ دڵنیابوون لە جێگیری خزمەتگوزارییەكان لە كاتی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەدا".

روونیشیكردەوە، كه‌ دەزگاكە ئەمساڵ بۆ یەكەمجار تەكنەلۆجیای نوێی بەكارهێناوە لە رێگەی پرۆگرامێكی ئەلیكترۆنی تایبەتەوە بۆ پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن، كە بەسەر هەموو فەرماندەییە ئەمنییەكان و مەفرەزە مەیدانییەكاندا دابەشكراوە بۆ گواستنەوەی هەڵوێست و رێنماییەكان بە شێوەیەكی راستەوخۆ، ئەمەش بەشداری كرد لە خێراكردنی رێكارەكانی چاودێریكردن و چارەسەركردنی خێرا و بە سیستمی پاراستنی بەرز لەلایەن هەوڵی هونەری دەزگاكەوە ئامادەكراوە.

وته‌بێژى ده‌زگاى ئاسایشی نیشتیمانی عێراق دووپاتیكرده‌وه‌، ئەم رێكارانەى گرتوویانه‌ته‌به‌ر لە چوارچێوەی هەوڵی نیشتیمانی هاوبەشدان بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی هەڵبژاردنەكان و پاراستنی ئیرادەی دەنگدەرانی عێراق.













گەلەری