سەردێڕ:

وەزیری نەوت: عێراق دەبێتە تۆڕی هەناردەکاری بەرهەمە نەوتییەکان

AM:09:30:25/10/2025

632 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، لە ماوەیەکی نزیکدا عێراق دەبێت بە تۆڕی هەناردەکاری بەرهەمە نەوتییەکان. وتیشی، لە پاشماوەی پاڵاوگە نەوتییەکان بەنزین و گازۆیل و غاز بەرهەمدەهێنین.


ئەمڕۆ شەممە ٢٥ـی تشرینی یەکەمـی ٢٠٢٥، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە سەردانەکەیدا بۆ پاڵاوگەی نەوتی بەسرە وتی، لە بەرنامەیاندایە پڕۆژەیەک جێبەجێبکەن کە گۆڕانکارییەکی بەرچاو دەکات لە پیشەسازی پاڵاوتندا، بۆ ئەوەی سوود لە پاشماوەی ئەو نەوتە رەشە ببینن کە لە کاتی پاڵاوتندا دەمێنێتەوە و بۆ بەرهەمی نەوتی بەکاری دەهێننەوە.

وتیشی، دیارترینیان بەرهەمهێنانی رۆژانەی چوار هەزار و ٢٠٠ مەتر سێجا بەنزینی ئۆکتانی بەرزە و زیاتر لە دوو هەزار مەتر سێجا گازوایل و زیاتر لە ٧٥٠ تۆن غازی شلەمەنی و بەرهەمە سپییەکانی وەک نافتا.

باسی لەوەشکرد، بەم دەستکەوتە عێراق بەتەواوەتی هاوردەکردنی بەنزین رادەگرێت، دوای ئەوەی تێچووی هاوردەکردنی ساڵانە لە کاتی پێکهێنانی حکومەتدا گەیشتووەتە پێنج ملیار دۆلار، هەروەها لەماوەی ساڵی رابردوودا بۆ کەمتر لە چارەکێک کەمبووەتەوە.

وتیشی، بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، عێراق دەگاتە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمە نەوتیەکان کە ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ گۆڕینی بۆ وڵاتێکی هەناردەکاری نەوت.













گەلەری